حەیدەر عەبوودی: عێراق رووبەڕووی ئاستەنگییەکی دارایی قورس بووەتەوە

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان داهاتی وڵات و خەرجیی مووچەدا هەیە و وەزارەتی دارایی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی دەبات.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، عێراق رووبەڕووی ئاستەنگییەکی دارایی قورس بووەتەوە. ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەت مانگانە پێویستی بە 10.8 ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە گشتییەکان، لە کاتێکدا داهاتی وڵات لە هەناردەکردنی نەوت تەنیا نزیکەی 2.5 ترلیۆن دینارە.

گوتەبێژی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، ئەم بۆشاییە داراییە زۆرە بەهۆی ئەو شۆکە ئابوورییەوە دروستبووە کە پەیوەندی بە قەیرانی گەرووی هورمزەوە هەیە. راشیگەیاند، ئەو ئامارانەی پێشتر لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە سەبارەت بە قەبارەی پێویستیی دارایی بڵاوکرابوونەوە، دروستن و جیاوازییەکە زۆرە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی بەغدا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، حەیدەر عەبوودی گوتی: "وەزارەتی دارایی کار لەسەر چارەسەرە ناوخۆییەکان دەکات، لەوانەش فرۆشتنی سەنەداتی گەنجینە و قەرزی ناوخۆیی، بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی عێراق پەنا بۆ قەرزی دەرەکی ببات."

لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکوومەت دانی بەوەدا نا کە ئەم قەیرانە داراییە کاریگەریی کردووەتە سەر کاتی دابەشکردنی مووچە و بووەتە هۆی دواکەوتنی، بە جۆرێک کە وەک مانگەکانی رابردوو بە رێکوپێکی دابەش ناکرێت تاوەکو ئەو کورتهێنانە پڕ دەکرێتەوە.