وەزیری نەوتی عێراق بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک سەردانی تورکیا دەکات

ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک سەردانی ئەنقەرە دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، بەسەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی تایبەت بە گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی هێڵی بۆریی عێراق-تورکیاوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی سەردانی ئەنقەرە دەکات. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی رێکخستن و بەردەوامیدانە بە پرۆسەکانی هەناردەکردنی نەوت لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا.

ئەم هەنگاوە دوای کۆتاییهاتنی کارکردن بە رێککەوتنی پێشوو لە نێوان عێراق و تورکیا دێت و لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکاندا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی خاو و بەهێزکردنی هاوکاری لە کەرتی وزەی نێوان هەردوو وڵاتدا.

رێککەوتنی تایبەت بە هێڵی بۆریی کەرکووک-جەیهان لە 27ـی تەممووزی رابردوودا کۆتایی پێهات، ئەوەش دوای دەیان ساڵ لە رێکخستنی هەناردەکردنی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، لە 24ـی حوزەیرانی رابردوو، ئاشکرای کردبوو، ئامادەکردن و نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی عێراقی-تورکی لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کۆتایی پێهاتووە، جەختی کردبووەوە کە پەمپکردنی تاقیکاری لە رێگەی بۆرییەکەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەستپێدەکات بۆ ئامادەکاریی گەڕانەوەی هەناردەکردن بە شێوازێکی جێگیر.