عێراق و تورکیا رێککەوتنێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت واژۆ کرد
عێراق و تورکیا، رێککەوتنێکی فەرمییان بۆ ماوەی ساڵێک بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی هێڵی بۆریی جیهانەوە واژۆ کرد. هاوکات هەردوولا هەوڵ دەدەن لە رێگەی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی نوێوە لە ماوەی ساڵێکدا، هەناردەی نەوت لە 750 هەزار بەرمیلەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکەنەوە.
شەممە، 1ـی ئابی 2026، شاندێکی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی فیدراڵ سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کرد و لەوێدا لەگەڵ ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە و کۆمپانیای نەوتی (بۆتاش) کۆبووەوە.
بە گوتەی باسم محەمەد، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، شاندی حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا و کۆمپانیای نەوتی تورکیا (بۆتاش) بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ ماوەی ساڵێک رێککەوتن.
وەزیری نەوتی عێراق روونی کردەوە: "رێککەوتنی پێشووی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جیهانەوە لە 26ـی تەمموزی رابردوودا کۆتایی هاتبوو، بەڵام دانوستانە فەرمییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بەم رێککەوتنە نوێیە کە بەردەوامی و جێگیریی پرۆسەکانی هەناردەکردن مسۆگەر دەکات".
ئاماژەی بەوەش دا، رێککەوتننامە واژۆکراوەکە بەرزترین ئاستی توانای هەناردەکردنی ئێستا بە نزیکەی 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریی دەکات.
گوتیشی: "هەردوو وڵات ئامانجیانە لەم ساڵەدا کار لەسەر ئامادەکردن و داڕشتنی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی نوێ بکەن لەسەر بنەمای نوێکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1973، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن و گەیشتن بە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل لە رۆژێکدا".
لە لایەکی دیکەوە، ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، لە لێدوانێکدا بۆ هەمان ئاژانسی هەواڵی، باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، شاندی یاوەری ئەنجامدا.
هاوکات رایگەیاند: لە دوای کۆبوونەوەکە، رێککەوتننامەیەکی یەک ساڵەمان لە نێوان کۆمپانیای نەوتی تورکی (بۆتاش) و هەردوو کۆمپانیای سۆمۆ و نیشتمانیی نەوتی عێراق واژۆ کرد؛ بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەکارهێنانی گونجاوی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی نێوان عێراق و تورکیا".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم بۆرییە کە نەوتی عێراق بە سەلامەتی و بەبێ پچڕان لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوازێتەوە، پێگەیەکی ستراتیژیی مێژوویی هەیە سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی وزەی ناوچەیی و جیهانی، وەک چۆن لە پێشهاتەکانی بازاڕی نەوتی جیهانیدا بە روونی دەردەکەوێت".