گوتەبێژی بەرگریی شارستانی: بەشێک لە سووتانی ئۆتۆمبێلەکان بە ئەنقەستە
ئامارەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووی لە زیادبوون کردووە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، بەشێک لە رووداوەکان بە دەستی ئەنقەست و بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە وەک سیناریۆ دەکرێن.
لەوبارەیەوە موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەنیا لە ماوەی مانگی حەوتدا 23 رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، کۆی گشتیی رووداوەکانیش لە مانگی یەکەوە تا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ گەیشتووەتە 87 رووداو.
شاخەوان سەعید ئاشکرای کردووە، لە هەندێک حاڵەتدا ئۆتۆمبێلی کۆن یان بێسەرەتا بە دەستی ئەنقەست لە شوێنێکی گشتیدا دەسووتێنرێن، پاشان ستافێک هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی پارە بۆ خاوەنەکەی بە ناوی ئەوەی کە کەسێکی زیانلێکەوتوو و لیقەوماوە، لە کاتێکدا هەمووی سیناریۆیەکی دروستکراوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی جەختیکردەوە، لەمەودوا بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە و نەبوونی بە باو، لە هەر رووداوێکدا گومان هەبێت لێکۆڵینەوەی ورد و چڕ دەکرێت، پۆلیس و ئاسایش ئاگادار دەکرێنەوە و هەرکەسێک تێوەگلابێت دەدرێتە دادگا، هەروەها داواشی لە هاووڵاتییان کرد هەر گومانێکیان هەبێت پۆلیسی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر پێشێلکاران بگیرێتە بەر.