تەقینەوەیەک لە سەربازگەی تاجی روویدا
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرماوە، چەندین کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنی لە ناو سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا تەقیونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەیەک لە سەربازگەی تاجی لە باکووری شاری بەغدا روویدا.
شانەکە روونی کردەوە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، هۆکاری تەقینەوەی چەندین کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنیی نێو سەربازگەکە بووە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەوەدا کەوتووەتەوە.
سەربازگەی تاجی، یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین بنکە سەربازییەکانی عێراق، کە دەکەوێتە ناوچەی تاجی لە باکووری شاری بەغدا، بە دووریی نزیکەی 27 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە.
ئەم بنکەیە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ناوەندێکی گەورەی سەربازی و لۆجیستی بوو و، پاش ساڵی 2003 چەندین جار لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای ئەمریکاوە وەک ناوەندی مەشق، راهێنان و کۆگای چەک بەکار هێنراوە، هەروەها چەندین بەشی هێزی ئاسمانی و پێگەی گرنگی سەربازیی عێراقی تێدایە.
ئێستا بنکەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی سوپا و هێزی ئاسمانیی عێراقدایە؛ بەڵام هێشتا وەک ناوەندێکی هەستیار و ئامانجێکی گرنگی ئەمنی لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.