ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن: 10%ـی توانای پاڵاوتنی جیهانی لەکارکەوتووە
هەردوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن هۆشداری دەدەن لەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بە بەرزی دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە مانگەکانی داهاتوودا نرخی نەوتی خاویش دابەزێت، ئەمەش بەهۆی کەمیی توانای پاڵاوتن کە لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکان و جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا دروست بووە.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، هەردوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن روونیان کردەوە، نزیکەی 10%ـی توانای پاڵاوتنی جیهانی لە ئێستادا لەکارکەوتووە، ئەمەش وای کردووە پاڵاوگە کاراکان بە ئەوپەڕی توانایانەوە کار بکەن بۆ پڕکردنەوەی خواست، جەختیان لەوەشکردووەتەوە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی قازانجی پاڵاوتن و گرانبوونی نرخی بەنزین، گازوایل و سووتەمەنی فڕۆک.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، تێکڕای نرخی بەنزین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 4 دۆلاری بۆ هەر گاڵۆنێک تێپەڕاندووە، سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوتی خاوی تێکساس بە رێژەی 26%دابەزیوە بەراورد بە بەرزترین ئاستی ئەمساڵ، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی جیاوازیی نێوان نرخی نەوتی خام و نرخی سووتەمەنی کۆتاییە بەهۆی قەیرانی پاڵاوتنەوە.
لای خۆیەوە، فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، چەندین جار هۆشداری داوە دۆخی گەرووی هورمز مەترسییەکانی سەر ئاسایشی دابینکردنی نەوت و نادڵنیایی بازاڕ زیاد دەکات.
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بازاڕەکانی بەنزین و گازوایل بەدەست کەمیی دابینکردنەوە دەناڵێنن، کە هۆکارەکەی بۆ کەمیی کۆگا و زیادیی خواست لە وەرزی گەشتدا دەگەڕێتەوە، جگە لە پەککەوتنی کاروانەکانی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە رووسیا، هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر هەناردەی گازوایل هەبووە، لە کاتێکدا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای هەندێک لە پاڵاوگەکانی کەنداوی بۆ هەناردەکردنی بەنزین و گازوایل بە شێوەی ئاسایی سنووردار کردووە.
ئەم پەرەسەندنە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی قازانجی پاڵاوتن لە جیهاندا، بە شێوەیەک قازانجی پاڵاوتنی گازوایلی ئەوروپی 60 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاندووە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای هاوینی 2022ـەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دەدات، هەر پەرەسەندنێکی نوێ لە جەنگ و ئاڵۆزییەکان، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوشارەکان بۆ سەر زنجیرەی دابینکردن دەگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا بازاڕەکان هێشتا هەوڵی هەرسکردنی شوێنەوارە نەرێنییەکانی مانگەکانی رابردوو دەدەن.