بوومەلەرزەیەکی بەهێز میسری هەژاند
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، بوومەلەرزەیەکی بەهێز پایتەختی میسر و چەند وڵاتێکی دراوسێی هەژاند، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووان، هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی گیانی نەگەیەنراوە.
پەیمانگای نەتەوەیی توێژینەوەی فەلەکناسی و جیۆفیزیکی میسر رایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر و لە سەعات 3:1 خولەکی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆی میسر روویداوە. چەقی بوومەلەرزەکە 38 کیلۆمەتر لە شاری سوێسەوە دوور بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتردا تۆمار کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندیی کەشوهەوای قودس و ناوەندیی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی زانستەکانی زەوی، گوڕی بوومەلەرزەکەیان بە 5.4 بۆ 5.5 پلە خەمڵاندووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، جگە لە دانیشتووانی قاهیرە و جیزە، دانیشتووانی وڵاتانی فەڵەستین، ئوردن، لوبنان و قوبرس هەستیان بە لەرزینەکە کردووە. ناوەندیی چاودێری بوومەلەرزەی ئەوروپی-ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 66 ملیۆن کەس لە ناوچەی کاریگەریی ئەم بوومەلەرزەیەدا بوون.
لای خۆیەوە مانگی سووری میسری، پلانی فریاگوزاری خێرای لەو شارانە چالاک کرد، هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە باڵەخانە کۆنەکان و ئەو شوێنانەی درزیان تێکەوتووە دوور بکەونەوە.
ناوەندە زانستییەکان هۆشدارییان داوە لە ئەگەری روودانی پاشلەرزە لە کاتژمێر یان رۆژانی داهاتوودا، هەروەها خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، لەرزینەکە بەهێز بووە و بووەتە هۆی لەرزینی باڵەخانەکان، ئەمەش خەڵکێکی زۆری رژاندووەتە سەر شەقامەکان.
پسپۆڕانی جیۆلۆجی ئاماژە بەوە دەکەن، میسر بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لەژێر کاریگەریی چەند ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزەدایە، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەنداوی عەقەبە، باکووری دەریای سوور و ناوچەی دەهشور.
وێرانکەرترین بوومەلەرزە لە مێژووی میسردا لە 12ـی تشرینی یەکەمی 1992 روویدا بە گوڕی 5.8 پلە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 540 کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکە.