هێمن هەورامی: کلیلی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کاراکردنی پەرلەمانە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کلیلی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پرۆسەیەکی هاوتەریبی گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمە.
سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پیرمام، پێشوازیی لە هۆڵی ڤەێر، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد.
هەورامی، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی هۆڵی ڤەێر، وێڕای پیرۆزبایی گەرم، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێست و سیاسەتی پارتیمان دووپات کردەوە، دەبێت چەقبەستوویی سیاسی کۆتایی پێبهێنرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سیاسەت و هەڵوێستی پارتی لەسەر دۆخی ناوخۆیی کوردستان و هۆکارەکانی چەقبەستوویی و تێروانینی پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە روونکرایەوە.
هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە، کە کلیلی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پرۆسەیەکی هاوتەریبی گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمە لە سەر بنەمای ئەو رێککەوتنە سیاسییەی نێوان پارتی و یەکێتی کە لە مانگی ئایاری 2025 واژۆ کراوە.