میدیای ئێرانی: تاران لەبارەی گەرووی هورمز تەنیا دانوستان لەگەڵ عومان دەکات
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی رایگەیاند، تاران هەرجۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن رەتدەکاتەوە و تەنیا لەگەڵ عومان خەریکی گفتوگۆیە لەسەر گەرووی هورمز، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە رێککەوتنی دوولایەنە لەگەڵ مەسقەت بە تەنیا ناتوانێت ئاسایشی گەرووەکە مسۆگەر بکات تاوەکو دەستدرێژییەکانی ئەمریکا بە تەواوی رانەگیرێن.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە کە تاران تەنیا لەگەڵ عومان خەریکی گفتوگۆیە لەسەر پرسی گەرووی هورمز و هیچ جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەنجام نەداوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ئێران لە سەرەتاوە بە روونی رایگەیاندووە "رێڕەوی باشوور کە بەهۆی پێشێلکردنی بەندی پێنجەمی پلانی لێک تێگەیشتنی کۆتاییهاتنی جەنگ لە لایەن ئەمریکاوە و بە فشار خستنە سەر عومان دروستکراوە، رێڕەوێکی نایاسایی و نائارامە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی ئێران.
جەختیشی کردەوە، هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بۆ هەمیشەییکردنی رێڕەوی باشوور تووشی بەرپەرچدانەوەی توندی تاران بووە و هێرش و هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە بڕیاری ئێران بگۆڕن؛ پێداگری کرا کە ئەگەر ئەمریکا و هەندێک هاوپەیمانی ناوچەیی بەربەستیان بۆ گفتوگۆ دوولایەنەکانی نێوان ئێران و عومان دروست نەکردبا، بێگومان دانوستانەکان لە ماوەیەکی کورتدا کۆتاییان دەهات.
سەرچاوەکە هۆشداری دا، لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک بەرپرسی ئەمریکی هێمای دژبەیەک و تێکدەریان ناردووە و بەربەستیان دروست کردووە، و نیگەرانی هەیە کە رێگرییەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی ببنە هۆی درێژکردنەوە یان تێکدانی پڕۆسەی دانوستانەکان.
سەرچاوە نزیکەکە لە تیمی دانوستانکاری ئێران جەختی لەوەش کردەوە، تەنانەت ئەگەر ئەم دانوستانانە بە رێککەوتنێکی دوولایەنە لە نێوان ئێران و عوماندا کۆتایی بێت، ئەمە بە تەنیا ناتوانێت مەرجەکانی دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز مسۆگەر بکات؛ چونکە گەرووەکە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئەمریکاوە داخراوە، و بە بێ راگرتنی تێکڕای دەستدرێژی و تاوانەکانی ئەمریکا دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی و جێبەجێکردنی مەرجە سەرەکییەکان، دۆخی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ پێش دەستپێکردنی جەنگ.
ململانێکان لەسەر گەرووی هورمز کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بە تەواوی داخراوە، پرسێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانە. واشنتن دەڵێت بەپێی یادداشتی لێکگەیشتنی مانگی حوزەیران بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ ، دەبوو ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە، لە کاتێکدا تاران جەخت دەکاتەوە کە دەقەکە بە روونی مافی سەروەری و سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان بە دەسەڵاتی ئێران بەخشیوە.
رۆژی سێشەممە 4ی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند،دانوستانەکانی نێوان تاران و مەسقەت لەسەر ئاستی تەکنیکی و سیاسی بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی داڕشتنی میکانیزمی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی رێرەوی کەشتییەکان لە تەنگەی هورموزدا.