میدیای ئیسرائیل: کۆگاکانی دژە مووشەکی وڵاتەکە 81% خاڵی بوونە

شیکەرەوەی سەربازیی کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، بەپێی راپۆرتە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان، کۆگاکانی مووشەکی بەرگریی ئیسرائیل بە رێژەی زیاتر لە 81% خاڵی بوونەتەوە، ئەمەش چالاکییە سەربازییەکانی تەلئەڤیڤ دژی ئێران بە توندی سنووردار دەکات و دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی خستووەتە حاڵەتی هۆشدارییەوە.

یووسی یەهۆشوع، شیکەرەوەی سەربازیی کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات, بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکان، ئیسرائیل رووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی مووشەکە بەرگری بووەتەوە، ئەمەش چالاکییە سەربازییەکانی تەلئەڤیڤ دژی ئێران بە توندی سنووردار دەکات.

شیکەرەوە سەربازییەکە روونیکردەوە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ماوەی چەندین هەفتەیە هۆشداری دەدەن لە کەمبوونەوەی مەترسیداری بودجەی تەرخانکراو بۆ بەهێزکردنی تواناکان؛ ئەم هۆشدارییانەش لە کاتێکدا دێن کە راپۆرتە رۆژئاواییەکان ئاشکرای دەکەن، تێکڕای کۆگاکانی ئیسرائیل لە مووشەکی بەرگریی وەک "ئارۆ (Arrow)"ی دوورمەودا، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێرانەوە بە رێژەی زیاتر لە 81% خاڵی بوونەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامیی گرژییەکاندا بە تەواوی بەتاڵ ببن.

سوپای ئیسرائیل پێشتر لە مانگی ئاداری رابردوودا بە فەرمی دانی بە کەمبوونەوەی توندی مووشەکە دژەبالیستییەکاندا نابوو، و واشنتنی لەم کورت هێنانە ئاگادار کردبووەوە بەهۆی مەترسیی نەبوونی توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییە چڕەکانی ئێران.

بەرپرسانی ئیسرائیلی هۆشداری دەدەن لە دووبارەبوونەوەی هەڵەی "سوپایەکی نائامادە بۆ جەنگ"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو شکستانەی پێش هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 تۆمارکران. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە کەوتنەوە ناو دۆخی کەمبوونی دژەمووشەکەکان بابەتێک نییە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل یان رای گشتیی ئیسرائیلی بتوانن بڵێن ئاگاداری نەبووین.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نیگەرانییەکان دوو هێندە بوون دوای ئەوەی دەرکەوت هێزەکانی ئەمریکاش، سەرەڕای باڵادەستییان، رووبەڕووی کێشەی هاوشێوە بوونەتەوە لە پاراستنی ئامادەیی بەرگریی خۆیاندا؛ چونکە فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا هۆشداری دابوو لە کەمبوونەوەی پارچە دەریاییە جەنگییەکان کە دەبێتە رێگر لە بەردەوامبوونی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئیسرائیل، ئەمەش تەلئەڤیڤ دەخاتە بەردەم ئەگەری ئەنجامدانی جەنگەکانی داهاتوو بێ پاڵپشتیی بەرگریی تەواوەتیی ئەمریکا.