رۆژنامەیەک: ئیسرائیل بە جددی مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران دەکات
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات کە سوپای ئیسرائیل بە جددییەوە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران دەکات بۆ لێدانی بنکە ستراتیژییەکانی، و لەم چوارچێوەیەدا هێزی دەریایی یەکێک لە گەورەترین مانۆڕەکانی بۆ پاراستنی کێڵگەکانی گاز و بەندەرەکان راگەیاندووە.
ئاماژەی داوە، ئیسرائیل بە جددییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا دەکات کە لە لایەن ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە و تێیدا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، ئەوا هێرشێکی بەرفراوان دەکاتە سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل. بەپێی راپۆرتە ئەمنییەکان، ئامانجە دیاریکراوەکانی ئێران بریتین لە دامەزراوەکانی وزەی ئیسرائیل، وێستگەکانی کارەبا، کارگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا، کێڵگە و سەکۆکانی دەرهێنانی غاز لە دەریای ناوەڕاست، و بەندەرە دەریاییە گرنگەکان.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، هێزی دەریایی ئیسرائیل مۆڵەتی دوو رۆژە مانۆڕێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە کە وەک یەکێک لە گەورەترین مانۆڕە دەریاییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ساڵانی رابردوودا وەسف دەکرێت.
مانۆڕەکە گشت کەناراوەکان دەگرێتەوە؛ لە ناوچەی شافی تسیۆن لە باکوورەوە تاوەکو ئەشدۆد لە باشووری وڵات، جیا لە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر لە هێڵەکانی دەریای سوور لە کەناراوەکانی ئیلات. ئامانجی مانۆڕەکە تاقیکردنەوەی بەرپەرچدانەوەی شەڕی فرە بەرەیی بە هاوئاهەنگیی هێزە جیاوازەکانە، کە تێیدا رووبەڕووبوونەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سەکۆکانی گاز و کەشتییە بازرگانییەکان، تەقەکردن لە لوبنان و کەرتی غەززەوە، و دزەکردنی کۆماندۆ دەریاییەکان بۆ سەر کەناراوەکان تاقیدەکرێتەوە.
یەکێک لە سیناریۆکانی مانۆڕەکە، هاوشێوەی هێرشەکەی کەناراوی زیکیم لە 7ی تشرینی یەکەمە کە تێیدا پێشتر هێزی دەریایی ئیسرائیل لە رێگریکردنیدا شکستی هێنابوو.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، لەم مانۆڕە گەورەیەدا سەدان شەڕکەر، بەلەمی مووشەکی، ژێر دەریایی، هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکان، و هێزی کۆماندۆی تایبەتی "شایێتێت 13" بەشدارن.
هەروەها، فەرماندەیی فڕینی نوێی دەریایی سەربازی کە فڕۆکەی کۆپتەری دەریایی "بلاک هۆک (Black Hawk)"ی نوێ بەکاردەهێنن کە پێشتر سوپای ئیسرائیل کڕیبوونی، بەشداری لە چاودێریکردن و پاراستنی ئاسمانی و دەریایی مانۆڕەکەدا دەکەن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی هێزەکان.