ناتانیاهۆ: ترەمپ دۆستی ئێمەیە بەڵام هەژموونی ئیسرائیل جێگەی گفتوگۆ نییە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، جەختی لە پێداگیریی خۆی کردەوە بۆ رێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند، "هەر رێککەوتنێک واژۆ بکرێت یان نا، بوونی ئیسرائیل لە ناوچەکە جێگەی گفتوگۆ و دانوستان نییە".
چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، لە رێوڕەسمی گەڕاندەنەوە و بەخاکسپاردنی رووفاتی باپیر و داپیری بنیامین زێئێڤ هێرتزل دامەزرێنەری بزوتنەوەی سەهیۆنیزم لە قودس، بووە وێستگەیەک بۆ ناتانیاهۆ تا پەیامە سیاسی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەم قۆناغە هەستیارەدا رابگەیەنێت.
لە پەیامەکەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رێز و ستایشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد، هاوکات ئەو پیاهەڵدان و ستایشە بۆ ترەمپ بەشێکی گرنگی گوتارەکەی ناتانیاهۆ بوو، کاتێک ترەمپی وەک گەورەترین دۆست کە تا ئێستا لە کۆشکی سپی هەیبوبێت وەسفی کرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا هاوپەیمانێکی گەورەی ئیسرائیلە.
هەروەها گوتیشی، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئیسرائیل بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی دەپارێزێت، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان هەموو کارێک دەکەن بۆ زامنکردنی ئاسایش و داهاتووی وڵاتەکەیان، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی هەر رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان واشنتن و تاران.
ئەم قسانەی بنیامین ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت، جارێکی دیکە ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە و بەسەر بژاردەی جەنگ و پێکدادان، گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکانی بە رێگەی دیپلۆماسی هەڵبرادووە، ئەمەش رێک پێچەوانەی ئەو پلان و هەوڵانەیە کە ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی تاران لە ناوچەکە دایڕشتووە.