خزمەتگوزاریی (Apple Pay) دەگاتە عێراق
بانکی کرێدتی عێراق رایگەیاند، بەم زووانە خزمەتگوزاریی جیهانیی (Apple Pay) بۆ بەکارهێنەرانی لە عێراق بەردەست دەبێت، ئەمەش دەرفەتێک بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت کە لە رێگەی ئامێرەکانی ئەپڵەوە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، بانکەکە رۆژی لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی خۆیەوە ئاشکرای کرد، کڕیاران دەتوانن کارتەکانی بانکی نیشتمانیی کوەیت (NBK) لەسەر ئامێرەکانی ئەپڵ تۆمار بکەن و بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەکاریبهێنن. بانکی کرێدیت ئۆف عێراق کە لقێکی بانکی نیشتمانیی کوەیتە، لە شارەکانی بەغدا، بەسرە و هەولێر لقی هەیە و پێشتریش ئەم خزمەتگوزارییەی لە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین کارا کردووە.
هاتنی ئەم خزمەتگوزارییە لە کاتێکدایە کە کارتی بانکیی عێراق لەژێر چاودێری بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، لە پڕۆسەیەکی چاکسازیی بەردەوامدایە. ئامانجی ئەم چاکسازییانە بەهێزکردنی شەفافیەت و رێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخکردنی دۆلار.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە مانگی تەممووزی رابردوو ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو بانکانەی قۆناخی یەکەمی چاکسازییەکانی بانکی ناوەندی تەواو دەکەن و پابەندی بنەماکانی حوکمڕانی دەبن، دەتوانن دووبارە پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکانیان دەستپێبکەنەوە. ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە هاتن کە واشنتن لە رابردوودا سزای بەسەر چەند بانکێکی عێراقیدا سەپاند، وەک بانکی "هودا" کە تۆمەتبار کرابوون بە سپیکردنەوەی پارە و هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان.
هەرچەندە بانکی کرێدیت ئۆف عێراق وادەی وردی دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە کاراکردنی (Apple Pay) هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش) و بەستنەوەی عێراق بە سیستەمی دارایی و تەکنەلۆژیای جیهانییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە 16ی تەممووز لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی واشنتن و بەغدا کردەوە بۆ چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی و رووبەڕووبوونەوەی دارایی نایاسایی.