کەمال محەمەد و ئیسماعیل تاڵەبانی بەرهەمێکی هیوابەخش پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەن
لە هەنگاوێکی مرۆڤایەتی بۆ پشتگیری لە نەخۆشانی شێرپەنجە، هونەرمەند کەمال محەمەد و شاعیری ناسراوی کورد ئیسماعیل تاڵەبانی، بەرهەمێکی هاوبەشی هیوابەخش بەناوی "گەڕانەوەی هیوا"، پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 7ـی ئابی 2026، ئیسماعیل تاڵەبانی، شاعیری ناسراوی کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "من و هونەرمەند کەمال محەمەد بەرهەمێکی هاوبەش پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەین؛ بەرهەمێک کە لە دڵەوە هاتووە و ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی هیوایە. ئەم کارە پەیامێکی مرۆڤایەتی و هەستیارییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی هیوادا لەگەڵ نەخۆشی شەڕ دەکەن و هیوا بووە بە ماڵی دووەمیان. ویستمان ئەوەیە بە زمانی هونەر پێیان بڵێین کە ئەوان لە هیچ رووێکدا لە ئێمە کەمتر نین، بەڵکو مرۆڤێکن وەک هەمووان، پڕن لە توانای ژیان، ئیرادە، خۆشەویستی، مرۆڤدۆستی و هیوابوون بۆ داهاتوو."
گوتیشی: "لە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمەدا هەوڵمان داوە ئەو راستییە بگەیەنین کە تا رەحمی خودا هەبێت، نائومێدی مانای نییە. مرۆڤ دەبێت هەمیشە هیوای بە گەورەیی خودا هەبێت، چونکە زۆر جار هەمان هیوا دەبێتە هێزی بەردەوامبوون و بەسەرهێنانی سەختترین ساتەکانی ژیان. هەر بۆیە وشە و ئاوازی ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای ئومێد، ئارامی و پشتگیریی دەروونی دامەزراون."
ئیسماعیل تاڵەبانی باس لە بڵاوبوونەوەی کلیپەکە دەکات و دەڵێت: "کاری کلیپی ئەم بەرهەمە لە رۆژی شەممە، 8ـی ئاب دەست پێدەکات و بڕیارە لە 20ـی ئابدا، لە مەراسیمێکی شایستە لە نەخۆشخانەی هیوا، بۆ یەکەمجار پێشکەش بکرێت. دواتریش بە تەواوی بڵاو دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پەیامەکە بگات بە ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵک. رەنگە هونەرمەند کەمال محەمەد بەهۆی بوونی لە دەرەوەی وڵات نەتوانێت بە جەستە ئامادەی مەراسیمەکە بێت، بەڵام رۆح و هەستی ئەو لەم پرۆژەیەدا ئامادەیە و ئەوەی هەردووکمان دەیڵێین ئەوەیە کە ئەرکی شاعیر و هونەرمەند تەنیا دروستکردنی بەرهەمی هونەری نییە، بەڵکو دەبێت لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا لە تەنیشت کۆمەڵگە و مرۆڤەکان بوەستن."
ئەو شاعیرە باس لە گرنگیی پەیامی ئەو بەرهەمە دەکات و دەڵێت: "ئێمە باوەڕمان وایە ئەو نەخۆشانەی لە هیوادان، پێویستیان تەنیا بە چارەسەری پزیشکی نییە، بەڵکو پێویستیان بە وشەیەکی خۆش، پەیامێکی هیوابەخش و هەستکردن بەوە هەیە کە کۆمەڵگە لەبیری نەکردوون. ئەگەر بەرهەمێکی هونەری بتوانێت تەنیا خولەکێک خەندە بخاتە سەر لێوی نەخۆشێک، یان هیوای لە دڵی خێزانێک زیاد بکات، ئەوا ئێمە ئامانجی خۆمان بەدەست هێناوە."
دەربارەی رۆڵی شاعیران و هونەرمەندانی کورد لە پرسە مرۆڤایەتییەکاندا، ئیسماعیل تاڵەبانی گوتی: "لە مێژووی گەلەکەماندا، شاعیران و هونەرمەندان هەمیشە لە پێشەوەی رووداوە گەورەکانی کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بوون. لە کاتی شادی و لە کاتی کارەسات و ناخۆشیدا، ئەوان دەنگی خەڵک بوون و بە زمانی شیعر، گۆرانی و هونەر هەستی گەلەکەیان گواستووەتەوە. ئێمەش بە درێژایی هەمان رێگە هەوڵ دەدەین لە رێگەی وشە و ئاوازەوە خزمەتێکی بچووک بە مرۆڤەکان بکەین و بیسەلمێنین کە هونەر، کاتێک لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت، دەبێتە یەکێک لە جوانترین پەیامەکانی ژیان."
ئیسماعیل تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا، "لە یەزدانی مەزن دەپاڕێمەوە شیفای خێرا و تەندروستی تەواو بە هەموو نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا ببەخشێت، هێز و ئارامی بدات بە خێزانەکانیان، و بە هیوایەکی نوێ و جەستەیەکی تەندروست بگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و نێو ئازیزانیان. هیوادارم ئەم بەرهەمە ببێتە دەستگرۆیەکی بچووک بۆ دڵەکان."
کەمال محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لەساڵی 1960 لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی 1987دا، لەگەڵ کاروان عوسمان ئەلبومێکیان بڵاوکردووەتەوە بە ناوی "نائومێدی". کەمال محەممەد دوێتی لەگەڵ زۆرێک لە گۆرانیبێژانی دیکەی کورد کردووە و لە دیارترینیان سالار مەحمود و عەتا ئەحمەدە.
ئیسماعیل تاڵەبانی، شاعیری ناسراوی کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە. خاوەنی چەندین شیعری نیشتیمانی و دڵدارییە و هەمیشە لە پرسە نیشتیمانییەکاندا بە شیعرەکانی شوێنەوارێکی دیاری بەجێهێشتووە.
شیعر ئیسماعیل تاڵەبانی:
گەڕانەوەی هیوا
ئێمە لە هیواین بێ ئومێد نابین
مەشخەڵی دەستی ئێمە هیوایە
ئەگەر کەس سۆزی خۆی نەبارێنێ
هەوری رەحمی خوا بارانی تیایە
ئەجەنگین تاکوو دوا هەناسەی ژین
ژیان و مەرگیش بە دەستی خوایە
چەند جوان مرۆڤ خۆی ئەسپاردەکا
شیفا و چارەسەر لەدەست ئەو دایە
خەون و خەیاڵمان مەودای درێژه
هەرگیز لە خۆمان دڵشکاو نابین
ئێرە فێرگەیە پەروەردە بوونە
ورەمان بەرزه ئەبێت هەر چابین
ئێمەش وەک ئێوە پڕین لە شادی
ژیان بۆ ئێمه وەک بەهەشت وایە
باڵی ئارەزوی فڕینمان هەیە
گەشتێک ساز بکەین بۆ ئەو مەزرایە
پەپوولەی باخچەی گوڵزار و رەنگین
گەڕێدەین بەسەر گوڵی ئەم شارا
بۆ شیلەی وێردی ئێوە ئەگەڕێین
تا شیرین تربێت ئەم شەکرە زارە
وزە ئەبەخشن بە دەوروبەرمان
مرۆڤ پڕ ئەکەین لە میهرەبانی
گوڵێک ئەڕۆێنین لە بری دڕکێک
شارێک پڕ ئەکەین لە عیشق و جوانی
خەندە ئەبەخشین بە لێوی بابە
دایک پڕ ئەکەین لە حەزو ئەوین
فرمێسکی چاوی خوشکمان ئەسڕین
هەنسکی برا ئەکەین بە پەرژین
سوپاس گوزاری دەرگای یەزدانین
کە خەڵاتی خۆی کردووە بە بەشمان
چەندە شیرینە دەستی نزامان
ئارام بەخشێکە بۆ جەستەو لەشمان