پارتی و عەزم: پێویستە هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان بەردەوام بێت

پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی عەزم، لە بەغدا کۆبوونەوە و تێیدا دوایین گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی نێوان لایەنەکانیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، شاندێکی دەستەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانی عەزم، لە بەغدا سەردانی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندیی سەرکردایەتیی پارتەکە پێشوازییان لێ کرا.

لە راگەیەنراوی هاوپەیمانیی عەزمدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و چەند پرسێکی نیشتمانیی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران و بیروڕا لە بارەی گۆڕانکارییەکانی قۆناخی ئێستا ئاڵوگۆڕ کرا، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان کرایەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە چەند دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە بارودۆخی گشتیی وڵات کرا و تیشک خرایە سەر گرنگیی پەنابردنە بەر گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە پاڵپشتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات، سەقامگیری بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی بگەیەنێت.