داهاتی گومرگی عێراق لە حەوت مانگدا دوو ترلیۆن و نیوی تێپەڕاند
ئەسیکۆدا داهاتی گومرگی عێراقی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە
داهاتی گومرگی عێراق لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و نیو دینار، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆداوە بووە.
سامر قاسم تائی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، داهاتی گومرگ بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە و تا ئێستا بڕی دوو ترلیۆن و نیو دیناری تێپەڕاندووە، ئەم بڕەش یەکسانە بە کۆی گشتیی داهاتی ساڵی 2023.
تائی روونیکردەوە، داهاتی گومرگی لە مانگی تەممووزی رابردوودا گەیشتووەتە 500 ملیار و 600 ملیۆن دینار، بەمەش بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، رێژەی 150% زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ داهاتەکان سێ ترلیۆن و نیو دینار تێپەڕێنن، ئەوەش بەرزترین ئاستی داهاتە لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستکەوتە بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و بەستنەوەی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم مەرزە گومرگییە فیدراڵییەکاندا بەدەستهاتووە.
بە مەبەستی رێکخستنەوەی داهاتە نانەوتییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکاندا، حکوومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کردووە.
ئەم سیستمە پرۆگرامێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ بەکاردێت و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە.
ئامانج لە بەکارهێنانی لە عێراقدا، شەفافیەت و خێراکردنی مامەڵە بازرگانییەکان و رێگریکردنە لە دەستکاریکردنی پسوولەکان. لەگەڵ فراوانکردنی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە دەروازە فیدراڵییەکاندا، داهاتی دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئاستی قاچاخی و خۆدزینەوەی باج کەمبووەتەوە.
لە ئێستاشدا ئامانجی حکوومەت ئەوەیە ئەم سیستمە لە تەواوی خاڵە سنوورییەکاندا جێگیر بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکجاریی جووڵەی بازرگانی و پاراستنی ئابووریی وڵات.