لە مانگێکدا 39 منداڵ لە هەولێر تووشی سوورێژە بوون

بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێر تووشبوونی 39 منداڵی بە نەخۆشیی سوورێژەوە لەم مانگەدا راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان 24ـی راگەیاند، 39 منداڵی تووشبوو بە نەخۆشیی سوورێژە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون، سەرجەمیان براونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.

روونیشی کردەوە، دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لانی کەم دوو هەفتەی پێویستە، ئەو منداڵانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئێستا نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتووە، بۆیە لە نەخۆشخانە خەوێنراون.

باسی لەوەش کرد، چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان هیچ منداڵێک بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانی لەدەست نەداوە. بەو پێیەی ڤایرۆسەکە لە هەوادا دەگوازرێتەوە و هەر منداڵێکی نەخۆش دەتوانێت 10 منداڵی دیکە تووش بکات، ئێستا تیمی بنکە تەندروستییەکان هەڵمەتێکی پێدانی ڤاکسین بەڕێوە دەبەن بۆ راگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستیی هەولێر هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان و دەڵێت، پێنەدانی ژەمە ڤاکسین لە تەمەنی نۆ مانگیدا بە منداڵەکانیان هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە ڤایرۆسەکە، ئەگەر لە وادەی دیاریکراوی کوتان دواکەوتن، دەتوانن سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن بۆ وەرگرتنی.

سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی زۆر گوازراوەیە زیاتر تووشی منداڵان دەبێت. ڤایرۆسەکە لە رێگەی هەناسەدان، کۆکە و پژمینەوە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە. 

لە عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە هەڵمەتی نیشتمانیی کوتان بەڕێوە دەچێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی لەشی منداڵان، سەرەڕای ئەوەش ناوبەناو لە هەندێک ناوچەدا ژمارەی تووشبووان بەرز دەبێتەوە بەتایبەت لە نێو ئەو خێزانانەی پابەندی خشتەی کوتان نابن. 

ڤاکسینی سوورێژە سەلامەتە و بە یەکێک لە سەرکەوتووترین رێگاکانی پاراستنی تەندروستیی گشتی دادەنرێت لە جیهاندا.