پارتی: بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی کوردایەتی و پاراستنی قەوارەی هەرێم
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 80ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، وێڕای پێداگری لەسەر پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێم و دوورخستنەوەی لە ئاڵۆزی و شەڕەکانی ناوچەکە، جەختی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و دەستپێشخەری بۆ پێکەوەکارکردن لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی عێراق کردەوە.
شەممە 15ـی ئابی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی یادی 16ـی ئاب (80 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکە)، رایگەیاند، ئەم یادە وێستگەیەکی مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و بەرجەستەکردنی کاروانێکی نەسرەوتووی تێکۆشانە لەسەر رێبازی "بارزانیی نەمر".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خەباتی پارتی لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، رێککەوتننامەی 11ی ئادار و راپەڕینی ساڵی 1991، سەلمێنەری ئەوەن کە هەمیشە هێزێکی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و زمانی دیالۆگی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان کردووەتە بنەما.
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردەوە، بەرپرسیاریەتیی مێژوویی ئەم قۆناخە خۆی لە چەند خاڵێکی سەرەکی دەبینێتەوە لەوانە: پاراستنی قەوارە و دەستکەوتەکان، بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی؛ دوورخستنەوە لە شەڕی هەرێمی، رێگریکردن لەوەی خاکی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ زیانگەیاندن بە ئەمنیەتی دراوسێکان و جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتنی دوولایەنەی بەرژەوەندییەکان و دوورخستنەوەی هەرێم لە ئاڵۆزی و پێکدادانەکانی دەوروبەر. هاوکات شایستە دەستوورییەکان و دەسەڵاتی یاسادانان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک ئەرکێکی مێژوویی و هەنگاونان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک حکوومەتێکی بەهێز و خزمەتکردنی هاووڵاتییان دەزانن؛ بە ئەرک زانینی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ژیانی خەڵک و دابینکردنی ئاسایش و بژێویی سەرفرازانە بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دەستی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردنی بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراق درێژ کردووە و رایگەیاندووە: ئەرکی هەموومانە بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و ئایینی و مەزهەبییەوە، هەوڵبدەین عێراق بۆ هەمووان بێت و لە شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە دوور بخرێتەوە. پێویستە هەموو پێکهاتەکان شێوازێکی حوکمڕانیی دروست و سەردەمیانە بگرنە بەر، چونکە رەوا نییە عێراق چیتر لە بازنەی کێشە و نەهامەتیدا بسووڕێتەوە و خەڵکەکەی بەرگەی قەیرانی زیاتر ناگرن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی قوربانیدانی پێشمەرگە، شەهیدان و تێکۆشەرانی بەرز نرخاند و پەیمانی بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە کە لەسەر رێبازی رەسەنی کوردایەتی بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، پتەوکردنی فرەیی و پێکەوەژیان و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی.
دەقی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی بەبۆنەی (16)ی ئاب، (80)ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
جەماوەری کۆڵنەدەر، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی دامەزراندنی پارتیمان دەکەینەوە، ئەو پارتەی داکۆکیکارێکی راستەقینەی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمانە، ئەو یادەی کە وێستگەیەکی هەرە گرنگی خەباتی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و کاروانێکی نەسرەوتووی تێکۆشانی سیاسییە بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بنەماکانی دیموکراسی، هەروەها بیرهێنانەوەی خەباتێکی تەمەن هەشتا ساڵەی وەرچەرخان و قوربانیدان و ئەزموون و سەرچاوەی سروشتی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسیشە.
ئەو بۆنەیە تەنیا بیرەوەرییەکی راگوزەری دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرجەستەکردنی ئیرادەی ئازادیخوازانە بۆ رەتکردنەوەی پیلانی دوژمنان و زوڵم و زۆرداریی لەسەر رێبازی حەکیمانەی "بارزانیی نەمر" کە ئەوسا زەمینەیەکی سەردەمیانەی بۆ چەمکی کوردایەتی داڕشت و بە پەیڕەوکردنی بەها شۆڕشگێڕییەکان، پەرەی بە بزاڤی رزگاریخوازیی کورستان دا. خەباتی هەمەلایەنەی پارتیمان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول، گوڵان، رێککەوتننامەی 11ی ئادار و راپەڕینی 1991، گەواهی ئەوەن کە هێزێکی پێشەنگی پشتئەستوور بە جەماوەر و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانە و هەمیشە بە کولتووری دایالۆگ هەوڵی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان داوە.
لە یادی هەشتاساڵەی دامەزراندنی پارتیماندا جەخت لەسەرئەوە دەکەینەوە، کە وەفاداریی بۆ مێژووی پارتی و قوربانیدانی تێکۆشەرەکانی تەنیا بیرهێنانەوە نییە، بەڵکوو ئەزموونی ئەو رابردوو و مێژووە، بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە لەهەمبەر ئێستا و ئایندە لە رێگای پاراستنی دەستکەوتەکانمان و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵۆزییە سیاسی و گرژی و شەڕ و پێکدادانانەی دەوروبەرمان، هەروەها پاراستنی کوردستان و رێگاگرتن لەوەی ببێتە شوێنێک بۆ کاریگەری خستنەسەر ئەمنیەتی دراوسێکانمان و رێزگرتنی دوولایەنەی بەرژەوەندییەکان و، بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان وەکو ئەرکێکی مێژوویی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکوومەتێکی بەهێز، هەروەها بەهێزکردنی یەکڕیزیی و ڕێزگرتن لە فرەیی پێکهاتەکان و پتەوکردنی سەقامگیریی و ئاشتەوایی لە هەرێم. خەڵکی خۆڕاگر و پشوودرێژی هەرێمی کوردستان لەو ساڵانەی رابردوو سەلماندویانە خۆشەویستی نیشتمان و گەلەکەیان لەسەرووی هەموو بابەتێکی دیکەوەیە، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بەوپەڕی تواناوە کار بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانێکی سەرفرازانە.
لەیادی (16)ی ئابدا، دەستی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق درێژدەکەین، ئەرکی هەموومانە بە جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسی، بڕوای ئاینی و مەزهەبییەوە پێکەوە هەوڵبدەین عێڕاق بۆ هەمووان بێت و دوری بخەینەوە لە تێوەگلان لە شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە و، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بە بەرپرسیاریەتییەوە شێوازێکی حوکمڕانی دروست و سەردەمیانە بگرنە بەر، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی عێراقە، هەروەکو بە ئاشکرا وتومانە عێراق توشی کێشەی زۆر کراوە، رەوا نییە چیتر لەو بازنەیە بسووڕێتەوە، چونکە خەڵکی عێراق هیچی دیکە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتیانە ناگرێت، ئەمەش بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی، نیشتمانی و ئاینییە.
بەو بۆنە مێژووییە قوربانیدانی تێکۆشەران و پێشمەرگە و شەهیدەکان بەرز دەنرخێنین و ئەوانەی گیانیان لە پێناو ماف و ئازادی و سەروەری نەتەوە و خاک وگەلەکەمان بەخشی، هەروەها تێکۆشان و کۆڵنەدانی نەوە لەدوای نەوەکانی رێگای پارتایەتی و رێبازی بارزانیی نەمر.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە کە لەسەر رێبازی رەسەنی کوردایەتی بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان.
سڵاو بۆ دامەزرێنەر و ربەری رێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سوپاس و پێزانین بۆ کادیران، ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان، هەروەها گەرمترین پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەین.
سەرکەوتن بۆ خەباتی رەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
16ی ئابی 2026