سەربەست لەزگین: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی باشه‌

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک جەختی لەوە کردەوە، کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکەوتوو نابێت، هاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییە باشەکانی نێوان هەردوولا کرد.

سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک، بە بۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکەی کرد و رایگەیاند: کە پارتی لە پرۆسەی نوێبوونەوەی بەردەوامدایە و سیاسەتێکی واقیعبینانە لەسەرجەم کایەکاندا جێبەجێ دەکات.

سەربەست لەزگین، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی هەمیشە بە واقیعیانە مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا کردووە، بە تایبەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆزی کورددا.

هاوکات پێگەی جەماوەریی حزبەکەی لە دەڤەری بادینان بەرز نرخاند و رایگەیاند: "بادینان بۆ پارتی دەڤەرێکی ستراتیژییە و متمانەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە پارتی زۆرە، کە تێیدا حزبەکە بێ‌ رکابەرە و لە هەڵبژاردن توانیویەتی 450 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت."

جەختیشی کردەوە، پارتی نوێنەرایەتیی تەواوی چین و توێژەکان دەکات و هەمیشە خۆی بە خزمەتکاری خەڵک دەزانێت نەک بە گەورەتر لەوان.

سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسییەکان و دۆخی ناوخۆی هەرێم، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نییە و رایگەیاند: "جێی داخە کە پەرلەمان کارا نییە، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام داوە و خاڵی هاوبەشی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، تەنانەت لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەشیش بۆ پێکهێنانی حکوومەت رێککەوتوون؛ بەڵام یەکێتی نیازی راستەقینەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت نییە."

سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانیش روونیکردەوە، ئەگەر سەیری شایستەی هەڵبژاردن بکرێت، لە هەموو کابینەکانی رابردوودا پارتی پلە و پۆستی زیاتری پێشکەش بە لایەنەکانی دیکە کردووە، بە جۆرێک کە یەکێتی زۆر زیاتر لە شایستەی راستەقینەی خۆی پلە و پۆستی حکوومیی وەرگرتووە.

جەختی لەوەش کردەوە، بەدەستهێنانی هیچ وەزارەتێک لای ئەوان هێندە مەبەست نییە، بەڵکوو ئەوەی لای پارتی لە پێشینەیە، کارکردنی پێکەوەیی و نیازپاکیی لایەنەکانە. هیواشی خواست دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم.

هاوکات ئەوەشی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی دەستنیشان نەکراوە، چونکە ئەگەر پێشوەختە دڵنیا نەبن لەوەی کۆبوونەوەکە بەرهەمدار دەبێت، ئەوا ئەنجامدانی گفتوگۆکان بێسوود دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بۆ پارتی ئەولەویەتی یەکەمە و بە هیوای ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکەوە کۆببنەوە و بگەنە رێککەوتن.

سەربەست لەزگین جەختی لەسەر پێویستیی رێککەوتنی هاوبەش کردەوە و گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی باشە و خوازیارین بگەینە rێککەوتن، چونکە پێکهێنانی حکوومەت بەبێ بەشداریی یەکێتی سەرکەوتوو نابێت. پێویستە هەردوولا لە یەک ئاڕاستەدا کار بکەین و نابێت ئێمە لە دۆڵێک بین و یەکێتی لە دۆڵێکی دیکە بێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێویستی بە هیچ نێوەندگیرێک نییە، بەڵام گرنگە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا ئەنجامی کردارییان هەبێت و تەواوی لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناخە هەڵبگرن، چونکە خواستی پارتی کارکردنی پێکەوەیی هەموو لایەنەکانە.

ئاماژەی بە پێگەی پارتی لەسەر ئاستی فیدراڵی کرد و گوتی: "پارتی بەهێزترین حزبی عێراقە و ژمارەیەکی قورس و زەحمەتە لە هاوکێشەکاندا. لە هەمان کاتدا، پارتی دەیەوێت باشترین و توندترین پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا بونیاد بنێت."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: لە ساڵانی رابردوودا بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نیازپاک نەبووە و بە پلان و بە شێوازێکی رێکخراو دژایەتیی هەرێمی کوردستانی کردووە. 

بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند مانگی رابردوودا گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستی حکوومەتی نوێی عێراقدا هاتووە، بۆیە پارتی بڕیاری داوە باشترین هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بونیاد بنێت و پاڵپشتی لەم حکوومەتە بکات.