لە دهۆک ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ 900 گەنج ساز دەکرێت

لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی مەنسور بارزانی، ئەمڕۆ لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، ئاهەنگی هاوسەرگیریی بەکۆمەڵ بۆ 900 کچ و کوڕ لە سنووری لقەکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی و شێخان بەڕێوەدەچێت.

د. شیرین حوسنی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هاوسەرگیریی بەکۆمەڵ بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکی پیرۆز و مێژووییە، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی مەرجەعی کورد، سەرۆک بارزانی. هەر بەو بۆنەیەوە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاهەنگێکی رێکوپێک بۆ بووک و زاواکان بە ئامادەبوونی هونەرمەندان ساز دەکرێت."

سەبارەت بە وردەکاریی هاوکارییەکان، د. شیرین ئاماژەی بەوە کرد کە لە لایەن فەرماندە مەنسور بارزانییەوە بۆ هەر هاوسەرێک بڕی 10 ملیۆن دینار تەرخان کراوە. گوتیشی: "لە 15ی تەممووزدا وەک سولفەی یەکەم پێنج ملیۆن دینارمان پێداون و ئەمڕۆش 5 ملیۆنەکەی دیکەیان پێدەدرێت، هەروەها هەر بووک و زاوایەک دەتوانن 8 تا 12 کەس لە کەسوکاریان بۆ ئاهەنگەکە بانگهێشت بکەن."

ئەم پڕۆژەیە کە لە ساڵی 2024دا بەردەوامی هەیە، ماوەی 3 ساڵە بێپچڕان ئەنجام دەدرێت. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت: "هەندێک لایەن دەیانگوت ئەمە تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، بەڵام بەردەوامیی پڕۆژەکە بۆ ماوەی 3 ساڵ باشترین وەڵامە بۆ ئەوان؛ ئەمە تەنیا پشتیوانییەکە بۆ ئەو گەنجانەی بەهەر هۆکارێک بێت ناتوانن هاوسەرگیری بکەن."

لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، 1500 بووک و زاوا لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون، د. شیرین جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ جیاکارییەکی حزبی و ئایینی نەکراوە و گوتی: "تەنانەت ئەگەر ئەندامی لایەنی دیکەش بن یان لە هەر ئایینێک بن، سوودمەند بوون. بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە 2800 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، پرۆسەکە بە تیروپشک بوو، تەنیا منداڵی شەهیدان کە ژمارەیان 81 هاوسەر بوو بێ تیروپشک ناویان دەرچوو، هەروەها بۆ برایانی کریستیان و ئێزدی تیروپشکی جیاواز کرا بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پلان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو پڕۆژەکە بەرفراوانتر بکرێت تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتر لە گەنجانی دەڤەرەکە لێی سوودمەند بن.