ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و پارتی دەکات

سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو
سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی پارتی لە سەرۆک بارزانی دەکات، هاوکات داوای رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و عێراق دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سەڵاحەددین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەی بە بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە داوە، روونی کردووەتەوە، ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبن؛ بۆیە داوا لە پارتی دەکات لە ئاست بەرپرسیارێتی و چاوەڕوانییەکانی گەلدابن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەڵاحەددین بەهائەدین جەختی لە گرنگیی پرۆسەی ئاشتەوایی کردووەتەوە، داوا دەکات دامەزراوە یاسایی و نیشتمانییەکان کارا بکرێنەوە.

 هەروەها خوازیارە ناوماڵی کوردستانی و عێراقی زیاتر رێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رووداوە نەخوازراوەکان بەدوور بگیرێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی 16ی ئابی ساڵی 1946 بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە. ئەم پارتە یەکێکە لە پارتە سەرەکی و دیارەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان. 

ئەمڕۆژە لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێت، چونکە ئەم رێکەوتە تەنیا یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ ئەو سەرکردەیەی تەمەنی خۆی لە نێو جەرگەی رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا بەسەر برد و بووە یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەرەکانی دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.