یەکەم گەشتی وشکانی بارهەڵگرەکانی عێراق بۆ تورکمانستان دەستپێکرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وشکانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، یەکەم گەشتی بارهەڵگرەکانی عێراق بە سیستەمی TIR لە دەروازەی عەرعەرەوە بەرەو تورکمانستان دەستی پێ کرد.
مورتەزا کەریم شەحمانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا گوتی "پرۆسەی گواستنەوەکە بە هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە حکوومی و سنووری و گومرگییە پەیوەندیدارەکان لە رێگەی خاڵی پەیوەندیی وەزارەتی گواستنەوە لەگەڵ یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی رێگاوبان IRU بەڕێوەچوو، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە تەواوی رێکارەکان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی سیستەمی TIR لەسەر هێڵی گەشتەکە".
مورتەزا کەریم شەحمانی سەبارەت بە گرنگیی ئەم هەنگاوە دەڵێت "ئەم گەشتە نوێنەرایەتیی فراوانکردنی بەکارهێنانی کەشتیی گواستنەوەی عێراق دەکات لە چوارچێوەی پڕۆسەکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە سیستەمی TIR و سوودوەرگرتن لە میکانیزمی قەرزکردن، کە رێگە دەدات پرۆسەکانی گواستنەوە بە کارایی و نەرمی زیاتر جێبەجێ بکرێن".
شەحمانی روونیکردەوە، ئەو میکانیزمە کێبڕکێی گواستنەوەی عێراقی بەهێز دەکات و ئاسۆی نوێ بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی عێراق دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە بازاڕەکان و رێڕەوە بازرگانییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی گواستنەوەدایە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی و چالاککردنی سیستەمی TIR.
هاوکات ئەم پرۆسەیە ئاسانکاری بۆ جموجووڵی بازرگانی لە رێگەی سنوورەکانەوە دەکات و پشتیوانی لە پێگەی عێراق دەکات وەکو رێڕەوێکی بازرگانی کە کەنداوی عەرەبی بە وڵاتانی ناوچەکە و ئاسیای ناوەڕاست دەبەستێتەوە.
سیستمی TIR چیە؟
مۆڵەتی یەکجارەکی گومرگی: کاتێک بارهەڵگرێک کاڵا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگوازێتەوە کە رەنگە بە چەند وڵاتێکی تریشدا تێپەڕێت، لە خاڵی پشکنیینی سەرەتاییەوە مۆڵەت یان پاسپۆرتی (TIR Carnet) دەدرێتە بارهەڵگرەکە.
کەمکردنەوەی پشکنینەکان: لە کاتی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکە بە خاڵە سنوورییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام، پێویست ناکات لە هەموو سنوورێکدا کاڵاکانی ناو بارهەڵگرەکە دابەزێنرێن یان پشکنینی وردی بۆ بکرێت؛ چونکە بارەکە بە قفڵی گومرگیی نێودەوڵەتی مۆرکراوە.
گەرەنتیی نێودەوڵەتی: سیستمەکە پشت بە کۆمەڵێک کۆمپانیای دڵنیایی و بیمە دەبەستێت کە باج و گومرگی پێویست لە حاڵەتی هەر سەرپێچی یان تێچوویەک لە ئەستۆ دەگرن، ئەمەش متمانەی تەواو بە دەسەڵاتی گومرگی دەدات.