هاوپەیمانی عەزم سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
هاوپەیمانی عەزم لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە هەرێم کردە ئامانج، هاوپەیمانییەکە ئەم جۆرە رووداوانەی بە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وەسف کرد.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، هاوپەیمانی عەزم لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم رووداوە لەسەر بنەمای زانیاری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت، هەروەها جەختی کردەوە لە دوورکەوتنەوە لە هەر ئەنجامگیرییەکی پێشوەختە کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییە ناوخۆییەکان یان کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەرە ناوچەییەکەیدا هەبێت.
هاوپەیمانی عەزم دووپاتی کردەوە، ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی عێراق، مامەڵەکردنی بەرپرسیارانەش لەگەڵ ئەم جۆرە رووداوانە پێویستی بە هەماهەنگییەکی تەواو هەیە لە نێوان دامەزراوە فیدراڵییەکان و لایەنە پسپۆڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، تاوەکو وردەکاریی رووداوەکە و لایەنی بەرپرسیار لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشان بکرێن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی ئەولەویەتێکی نیشتمانییە، پاراستنی پەیوەندییە هاوسەنگەکانیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەدوور لە ئاڵۆزی و گۆڕینەوەی تۆمەت، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.