لە پردێ کوڕێک بە هەڵە باوکی خۆی کوشت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری کەرکووک، رووداوێکی دڵتەزێن روویدا و تێیدا کوڕێک لە کاتی کارکردندا بە هەڵە باوکی خۆی کوشت، ئەمەش کاتێک باوکی سەرقاڵی پاککردنەوەی ئامێرێکی کارگەکەیان بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، لە سنووری پارێزگای کەرکووک، پیاوێک بە ناوی (حاجی حەسەن محەممەد) کە خاوەنی کارگەی بلۆکە، بە دەستی کوڕەکەی و بە هەڵە گیانی لەدەستدا. حاجی حەسەن دانیشتووی ناحیەی پردێ و خەڵکی گوندی چۆمەزەردەڵەیە.
بەپێی زانیارییەکانی شوێنی رووداوەکە، حاجی حەسەن لەنێو ئامێری بڕینی بلۆکدا بووە بە مەبەستی پاککردنەوەی، بەڵام لەو کاتەدا کوڕەکەی کە شۆفێری ئامێرەکەیە، بێ ئەوەی ئاگاداری باوکی بێت، ئامێرەکەی کار پێکردووە.
شایەتحاڵەکان راشیانگەیاند، بەهۆی کارپێکردنی کتوپڕی ئامێرەکە، سەری حاجی حەسەن کەوتووەتە بەر چەقۆی ئامێرەکە و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لە ناوچەکە لێکەوتووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە کردووە.