تۆم بەڕاک هۆشداری لە رووبەڕووبوونەوەی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ دەدات
تۆم بەڕاک ئاشکرای دەکات، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبووزوهوور لە سووریا، هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و تورکیای خستووەتە لێواری جەنگێکی سەربازیی راستەوخۆوە. لەم هێرشەدا هەشت بۆمب بەکارهاتوون و بەرپرسانی ئەمریکاش داوای دانبەخۆداگرتن دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 15ی ئیسرائیلی، تۆم بەڕاک رایگەیاندووە، دوێنێ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، تەنیا یەک هەنگاو لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دوور بوون.
روونیشی کردووەتەوە، بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبووزوهوور لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، هۆشدارییە بۆ هەڵگیرسانی جەنگێکی راستەوخۆ لە نێوان تەلئەڤیڤ و ئەنقەرە.
لە لایەکی دیکەوە پێگەی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، حکوومەتی ئیسرائیل پێش هێرشەکەی سووریا بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاگادار کردووەتەوە. ئیسرائیل بە واشنتنی راگەیاندووە ئامانج لە هێرشەکە رێگریکردنە لە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی تورکیا و ناردنی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو بۆ سووریا.
لەم هێرشەدا لانی کەم هەشت بۆمب بەر رێڕەوی فڕۆکەکان و چەندین گەراجی فڕۆکەخانەی ئەبووزوهوور لە باکووری سووریا کەوتوون. گورزەکە زیانی بەو رێڕەوانە گەیاندووە کە بەم دواییە نۆژەن کرابوونەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
سەبارەت بەم پێشهاتە، بەرپرسێکی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی "ئەکسیۆس"، رەتیکردەوە هیچ هێزێکیان لەو بنکە ئاسمانییەی سووریادا هەبێت، هاوکات ئیسرائیلی بە دروستکردنی پاساو بۆ بۆردومانکردنی وڵاتانی دراوسێ و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە تۆمەتبار کرد.
سەرۆکایەتیی تورکیاش لە راگەیەنراوێکدا روونیکردەوە، بانگەشە درۆکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەنیا بۆ پاساوهێنانەوەیە بۆ هێرشە ئاسمانییە نایاساییەکان.
ئەنقەرە جەختی کردەوە، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی حکوومەتی سووریا بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها رێگە نادات وڵاتەکە تووشی ناسەقامگیری ببێت.
چەندن بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـیان راگەیاندووە، پێیان وایە، بەشێک لە پاڵنەرەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەو وڵاتەوە هەیە، چونکە حکوومەتی سووریا هیچ هەنگاوێکی دوژمنکارانەی بەرانبەر ئیسرائیل نەگرتووەتەبەر.
ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، ئیدارەی ترەمپ داوای لە حکوومەتی سووریا کردووە دان بەخۆیدا بگرێت.