راوێژکارێکی عەلی زەیدی: مووچەی فەرمانبەران دابین دەکرێت
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات کە سەرەڕای قەیرانی دارایی، دابەشکردنی مووچەی هیچ فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان و عێراق نافەوتێت؛ هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە وڵاتەکە بەهۆی نەمانی نەختینە (سیولە) تووشی قەیرانێکی گەورە بووە.
هەینی 21ـی ئابی 2026، ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکاری عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 لە بارەی بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، رایگەیاند، عێراق بەدەست قەیرانی ئابووری و داراییەوە دەناڵێنێت، و پرۆسەی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵیش یەکێکە لە هەنگاوە سەرەکییەکان بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی ئابووریی وڵات.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران دڵنیایی دایە سەرجەم مووچەخۆران و جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی دۆخی داراییەوە کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواکەوتووە، بەڵام هیچ بەربەستێکی بنەڕەتی لەبەردەم دابینکردنی مووچەدا نییە و ماف و مووچەی هیچ یەکێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق نافەوتێت.
لەلایەکی دیکەوە، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 سەرنجی خستە سەر دۆخی ئابووریی وڵات و رایگەیاند، ئێستا عێراق بەهۆی کێشەی نەبوونی نەختینە (سیولە) تووشی قەیرانێکی دارایی قووڵ بووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی پەرلەمانی بەردەوامە لە کارەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی پرسی دەستپێکردنەوە و زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت، و جەختی کردەوە، فرۆشتنی نەوتی خاو لەم قۆناخەدا بۆ بەدەستهێنانی داهات بۆ عێراق یەکجار گرنگ و چارەنووسسازە.