عێراقچی لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنە ئابوورییەکانی ئەمریکا: ئەم فیلمەمان پێشتریش بینیوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی تونددا وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە دەستپێکردنی گەورەترین جەنگی ئابووری بۆ سەر وڵاتەکەی، و رایگەیاند، شکستی ئەم هەڵمەتە نوێیەش وەک سەرجەم هەوڵەکانی 14 ساڵی رابردووی واشنتن مسۆگەرە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی رۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری لە لایەن ترەمپەوە بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵاتی تاران.
هەینی 21ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بە توندی وەڵامی راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنە ئابوورییە نوێیەکەی ئەمریکای دایەوە و بە بەراوردکارییەکی مێژوویی شکستی سیاسەتەکانی واشنتنی بەبیرهێنایەوە
عێراقچی نووسیویەتی:
14 ساڵ لەمەوبەر: "توندترین سزای ئیفلیجکەر لە مێژوودا"؛ شکستی هێنا.
8 ساڵ لەمەوبەر: "سیاسەتی زۆرترین گوشار"؛ شکستی هێنا.
5 مانگ لەمەوبەر: "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"؛ شکستی هێنا.
ئەمڕۆ: "توندترین ئۆپەراسیۆنی ئابووریی مێژوو"؛ چارەنووسی بە دڵنیاییەوە هەر شکست دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئێمە ئەم فیلمەمان پێشتریش بینیوە؛ هەمان قسەی بێمانایە، بەڵام لە لایەن زۆردارێکی جیاوازەوە دووبارە دەکرێتەوە.
لێدوانەکەی عێراقچی دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی تونددا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس رایگەیاندبوو، پێشتر هەلی زێڕینی بە تاران دابوو بۆ رێککەوتن بەڵام نەیانقۆستەوە، و گوتی: ئەمڕۆ توندترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری دژ بە ئێران رادەگەیەنم کە تا ئێستا لە مێژوودا دژی هیچ وڵاتێک ئەنجام نەدرابێت؛ ئەمە دەبێتە جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرکردنێکی بێپێشینە.
ترەمپ سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێستای ئێران و رایگەیاند: هێزی دەریاییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان وێران بووە، کارگە سەربازییەکانیان بوونەتە داروپەردوو، دراوەکەیان بێبەهایە و تەواوی وڵاتەکەیان تەنیا بە تاڵە موویەکەوە هەڵواسراوە.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە تەواوی وڵاتانی جیهان کە هەر وڵاتێک رێگە بدات دامەزراوە دارایی، بازرگانی، فڕۆکەخانە یان دامەزراوە فەرمییەکانی هاوکاری پێشکەش بە تاران بکەن، رووبەڕووی سزای ئابووریی وێرانکەر دەبنەوە. داوای کرد دەستبەجێ قاچاخچێتیی نەوت، هێڵەکانی ئاڵوگۆڕ، گواستنەوەی پارەی کاش، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆماری کەشتییەکان و کۆمپانیا ساختەکان رابگیرێن.
ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە "رۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری" ناوبرد و جەختی کردەوە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هاوکات سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (CNBC) ئاشکرای کردبوو رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تەواوی رێکارە نوێیەکان رادەگەیەنێت، و گوتی: جێبەجێکردنی گوشاری ئابووری بۆ سەر تاران تەواو جددییە و هیچ پاشەکشەیەکی تێدا نییە؛ ئێران هەرەس دەهێنێت و ئێمە دەیروخێنین. ئەمە گەورەترین گۆشەگیریی ئابووری دەبێت لە مێژوودا و کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانان و جیهان واز لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بهێنن.