تاران رێگەی بە ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگری عێراق دا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگری عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین. ئەم رێگەدانە لەسەر داواکاری عێراق بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، تاران مۆڵەتی بە ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگری عێراقی داوە بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم بڕیارە لە وەڵامی ئەو داواکارییە بووە کە بەغدا لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە جیاوازەکانەوە ئاراستەی تارانی کردبوو.
ئاژانسەکە روونیکردەوە، بەدەستهێنانی مۆڵەتی تایبەت بۆ کەشتیی نەوتهەڵگرە عێراقییەکان یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی بەغدا لە میانی سەردانی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق.
چوارشەممەی رابردوو، 19ـی ئابی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە. نووسینگەی حەلبووسی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای کردووە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییانەی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە، تایبەتمەندییەک بۆ عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دابین بکرێت.
حەلبووسی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە جۆرێک بێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق پارێزراو بن.
بەپێی داتاکانی دەریاوانی، دوێنێ هەینی، جموجۆڵی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کەمبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وەستاون و هیج بەرەو پیشچوونێک نییە، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای کیپلەر، رۆژی پێنجشەممە تەنیا حەوت کەشتیی بارهەڵگر لە گەرووەکەدا تێپەڕیون.