گڵۆباڵ فاینانس: عێراق لە پلەی 109مین دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە

گۆڤاری ناوداری ئابووریی گڵۆباڵ فاینانس نوێترین ریزبەندیی ساڵانەی خۆی بۆ دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەشی تاک لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەپێی هاوتای هێزی کڕین بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، عێراق بەراورد بە ساڵی 2025 شەش پلە پێشڕەوی کردووە و لە پلەی 115یەمینەوە گەیشتووەتە پلەی 109یەمینی جیهان، لە کاتێکدا سەنگاپوورە پێشەنگی وڵاتانی جیهان و قەتەریش پێشەنگی وڵاتانی عەرەبیی گرتووە.

شەممە، 22ی ئابی 2026، راپۆرتی گۆڤاری (Global Finance) روونیکردووەتەوە، دەوڵەمەندیی راستەقینەی وڵاتان بە تەنیا لە رێگەی قەبارەی گشتیی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) دەرناکەوێت، بەڵکو دەبێت داهات دابەشبکرێت بەسەر ژمارەی دانیشتوواندا و رێژەی هەڵئاوسان و تێچووی ژیان و شتومەکی ناوخۆیی لەبەرچاو بگیرێت بە دۆلاری نێودەوڵەتی، تا تێڕوانینێکی دروست لەسەر ئاستی بژێوی و هێزی کڕینی هاووڵاتییان دەستبکەوێت.

بەپێی داتاکانی گڵۆباڵ فاینانس، عێراق پلەی 109یەمی جیهانی گرتووە و تێکڕای بەشی ساڵانەی هەر تاکێک لە داهات بەپێی پێوەری هێزی کڕین گەیشتووەتە 15,359.60 دۆلاری نێودەوڵەتی' واتە بەهۆی هەرزانی تێچووی ژیان لە عێراق، پارەی هاووڵاتییەکی عێراقی ئەوەندە شتی پێ دەکڕدرێت.

ئەم ئەنجامە پێشکەوتنێکی بەرچاوە بۆ ئابووریی عێراق بەراورد بە ساڵی 2025 کە تێیدا لە پلەی 115یەمدا بوو. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات جیاوازیی نێوان هەژارترین و دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان ئێجگار زۆرە؛ لە 10 هەژارترین وڵاتدا داهاتی ساڵانەی تاک لە خوار 1,700 دۆلارە، لە کاتێکدا لە 10 دەوڵەمەندترین وڵاتدا لە سەرووی 121,000 دۆلارەوەیە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان، قەبارەی رووبەر و ژمارەی دانیشتووانیان کەمە، وڵاتانی وەک سەنگاپوورە، سویسرا و لۆکسمبۆرگ سوودیان لە کەرتی پێشکەوتووی بانکی، تەکنۆلۆژیا و کەمکردنەوەی باج وەرگرتووە. لە بەرامبەردا وڵاتانی وەک قەتەر، بروونای و ئیمارات پشتیان بە یەدەگی گەورەی نەوت و گازی سروشتی بەستووە.

راپۆرتەکە هۆشداری دەدات، لە وڵاتانی وەک ئێرلەندا و لۆکسمبۆرگ، بەشێکی زۆری داهات بەهۆی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانەوە تۆمار دەکرێت کە باجی کەمیان لەسەرە، بۆیە رەنگە تێکڕای داهاتی تاک بەتەواوی رەنگدانەوەی کەمبوونەوەی جیاوازیی چینایەتی نەبێت لەناو تەواوی هاووڵاتییاندا.