تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر کەلەپووری کوردی بردە سەر شانۆی پۆڵەندا

تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، بە پێشکەشکردنی هەڵپەڕکێ، مۆسیقا و گۆرانیی نەریتی و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فۆلکلۆری ڤیسوولا کرد، کە لە شاری پۆڵۆک لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو.

یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و سەرۆکی شاندی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، " بەڕێوەچوونی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە، گرووپەکانی ئیسپانیا، لەتیڤیا، ئۆکرانیا و بەڕازیل، لەگەڵ گرووپە پۆڵەندییەکان و ئێمەش وەک گرووپی کوردستان بەشدار بووین. لە گرووپە میوانەکاندا گرووپی فۆلکلۆریی تڕۆپێیرۆس دوو لیتۆڕال لە بەڕازیل، گرووپی کۆرۆس ئی دانزاس ڤیرخێن دە لاس خوێرتاس دە لۆرکا لە ئیسپانیا، گرووپی لیەلۆپە لە لەتیڤیا و گرووپی سیڤێرسکی کلێینۆدی لە ئۆکرانیا بەشداریان کردبوو."

گوتیشی، "ئێمە وەک تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، بە هەڵپەڕکێ، مۆسیقا و گۆرانیی نەریتی، لەگەڵ جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستان، رەنگ و دەنگێکی تایبەتمان بە فێستیڤاڵەکە بەخشی، بەڵام ئەم پێشکەشکردنە تەنیا کۆمەڵێک هەڵپەڕکێ و گۆرانی نەبوو؛ بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ گواستنەوەی بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلەپووری کوردی بۆ سەر شانۆی جیهانی."

 سیروان عوسمان باس لە چوار تابلۆ دەکات کە بەشی کوردستان بوو لەم فێستیڤاڵە و دەڵێت، "بەشی کوردستان بەناوی "ژیان لە گوند" بوو و چوار تابلۆی هونەریمان وەکو، دروێنە، لادی، مریوان و سیران پێشکەش کرد. هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بنەما و رەگ و ریشەی کەلەپووری کوردییەوە هەیە؛ چونکە گوند لە ژیانی کوردیدا تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە، بەڵکو سەرچاوەیەکی گرنگی کەلەپوور، هاوکاری، ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەری نەریتییە."

سیروان عوسمان جەختی لەوەش کردەوە، "لە "ژیان لە گوند" دا، هەڵپەڕکێ و مۆسیقا و جلوبەرگی نەریتی لە یەک پێشکەشکردندا کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بینەر تەنیا نمایشێکی هونەری نەبینێت، بەڵکو وێنەیەکی گشتی لە ژیان، شادی، کۆمەڵایەتیبوون و پەیوەندیی مرۆڤی لە کەلەپووری کوردیدا ببینێت و ئامانجی سەرەکیی ئەم بەشدارییەشمان  ناساندنی کولتوور، کەلەپوور و هونەری نەریتی کوردی بە بینەرانی پۆڵەندا و گرووپە هونەرییەکانی وڵاتانی جیاوازە."

دەربارەی گرنگیی بەشداری تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر لەو فێستیڤاڵەدا، سیروان عوسمان دەڵێت، "ئەم بەشدارییەی ئێمە تەنیا پێشکەشکردنی هەڵپەڕکێ و گۆرانی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کوردستان بە زمانی جیهانیی هونەر خۆی بناسێنێت و بەشێک لە ناسنامەی کەلەپووری خۆی بگەیەنێتە بینەرانی دەرەوەی وڵات. هەروەها ئەو فێستیڤاڵە فۆلکلۆرییە تەنیا شوێنی پێشکەشکردنی هونەر نییە؛ بەڵکو بوارێکە بۆ کۆبوونەوەی کولتوورە جیاوازەکان، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و دروستکردنی پەیوەندییە نوێکانی هونەری لەنێوان گەلان."

سیروان عوسمان باسی لەوەش کرد، "بەشداریی تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر لەم فێستیڤاڵەدا، لەگەڵ گرووپەکانی ئیسپانیا، بەڕازیل، لەتیڤیا و ئۆکرانیا، دەرفەتێکی ترە بۆ ئەوەی کولتووری کوردی لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا دەربکەوێت؛ بە تایبەتی کاتێک هەڵپەڕکێ، مۆسیقا و جلوبەرگی کوردی دەبن بە زمانێکی هاوبەش لەنێوان بینەرانێک کە زمانەکانیان جیاوازن."

ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم بەشدارییەی ئێمە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە بنەمای پەیوەندییە هونەرییە نوێکان و دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداریی تیپە کوردییەکان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات؛ چونکە فێستیڤاڵە فۆلکلۆرییەکان لە هەمان کاتدا کە شانۆی پێشکەشکردنی هونەرن، بوارێکن بۆ دیپلۆماسیی کولتووری و ناساندنی گەلان بە یەکتر."

تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر لە ساڵی 1979 دامەزراوە و لەو کاتەوە بە بەشداری لە بۆنە و چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان، هەوڵی داوە هونەرە میللییەکانی کوردستان بپارێزێت و بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنێت.

فێستیڤاڵی نیودەوڵەتی فۆلکلۆری ڤیسوولا، رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، بەبەشداری تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، لە شاری پۆڵۆک لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو و ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بوو.