موحسین رەزایی: ئەگەر جەنگی ئابووری بەردەوام بێت یەک دڵۆپ نەوت لە گەرووی هورمزەوە ناڕوات
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگی ئابووری دژ بە تاران، رێگە نادرێت یەک دڵۆپ نەوت لە تەواوی کەنداو و گەرووی هورمزەوە هەناردە بکرێت.
یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڵوێستی نوێی تارانی سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر وڵاتەکەیدا خستەڕوو.
رەزایی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەگەر جەنگی ئابووری بەردەوام بێت، تەنانەت یەک دڵۆپ نەوتیش هەناردە ناکرێت؛ نە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی کەنداوی فارسەوە."
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختی کردەوە: "ئێران بەشداریکردن یان پشتیوانیکردنی هەر وڵاتێک لە جەنگی ئابووریی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران، وەک راگەیاندنی جەنگ لە دژی خۆی هەژمار دەکات."
ئەم هەڕەشە توندەی تاران هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووریی نوێ، لە کاتێکدا هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا لە دەریای عەرەب و گەرووی هورمز گەمارۆیان بەسەر کەشتییە بازرگانییە پەیوەندیدارەکان بە ئێراندا سەپاندووە، ئەمەش مەترسیی هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بێپێشینە زیاد کردووە.