چارەسەرێکی نوێ بۆ شێرپەنجە دۆزرایەوە

زانایان لە قۆناخێکی پێشکەوتوودان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی تایبەتمەند بۆ شێرپەنجە، کە بە شێوەیەکی دیاریکراو بۆ هەر نەخۆشێک بەرهەم دەهێندرێت، ئەم پێشکەوتنە پاش ئەوە هات هەردوو کۆمپانیای مۆدێرنا و مێرک ئەنجامی ئەرێنیی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی چارەسەرێکی کەسییان بۆ شێرپەنجەی پێست لە جۆری میلانوما راگەیاند.

دووشەممە 24ـی ئابی 2026، زانایانی بواری تەندروستی رایانگەیاند، ئەم چارەسەرە ڤاکسینێکی گشتی نییە بۆ رێگریکردن لە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، بەڵکو چارەسەرێکە بەگوێرەی پەنجەمۆری بۆماوەیی وەرەمەکە بۆ هەر نەخۆشێک دروست دەکرێت. چارەسەرەکە دوای نەشتەرگەری بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی کۆئەندامی بەرگریی لەش فێری ئەوە بکرێت بەدوای خانە شێرپەنجەییە ماوەکاندا بگەڕێت، پێش ئەوەی وەرەمەکە دووبارە دروست ببێتەوە یان بۆ ئەندامەکانی دیکەی لەش بڵاوببێتەوە.

تاقیکردنەوەی ئینتەرپاس-001 زیاتر لە 1137 نەخۆشی گرتەوە کە وەرەمەکانیان بە نەشتەرگەری بەتەواوی لادراون، بەڵام بەهۆی تووشبوونیان بە قۆناخەکانی دووەم تا چوارەمی میلانوما، مەترسی گەڕانەوەی نەخۆشییەکەیان لەسەر بوو. نەخۆشەکان دابەشکران بەسەر دوو گروپدا؛ گروپی یەکەم ڤاکسینی کەسیی ئینتیسمیران ئوتوجین-یان لەگەڵ دەرمانی کیترودا وەرگرت، لە کاتێکدا گروپی دووەم تەنیا دەرمانی کیترودا-یان پێدرا.

هەردوو کۆمپانیاکە رایانگەیاند، چارەسەرە تێکەڵەکە بووەتە هۆی باشتربوونی ئاستی مانەوەی نەخۆشەکان بەبێ گەڕانەوەی شێرپەنجەکە، هەروەها مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکەی بۆ ئەندامە دوورەکان بەراورد بە بەکارهێنانی تەنیا دەرمانی بەرگریی کەمکردووەتەوە. ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەمە ئەنجامی ئەرێنی بۆ چارەسەرێکی کەسیی شێرپەنجە تۆمار دەکات کە پشتی بە تەکنەلۆژیای mRNA بەستووە.

کۆمپانیاکان هێشتا قەبارەی سوودەکە بە ژمارە یان رێژەی گەڕانەوەی نەخۆشییەکە لە هەردوو گروپەکەدا بڵاویان نەکردووەتەوە، بەڵام روونیان کردەوە داتا وردەکان لە کۆنفرانسێکی پزیشکیی نێودەوڵەتیدا نمایش دەکرێن پێش ئەوەی پێشکەشی دەزگا رێکخەرییەکان بکرێن. هەروەها چاودێریکردنی بەشداربووان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا چارەسەرەکە تەمەنیان درێژ دەکات یان تەنیا گەڕانەوەی نەخۆشییەکە دوادەخات.

ئەم ئەنجامانە پشتگیری لە تاقیکردنەوەیەکی بچووکتر لە قۆناخی دووەم دەکات، کە دوای پێنج ساڵ چاودێریکردن دەرکەوت تێکەڵکردنی ڤاکسینەکە لەگەڵ کیترودا، مەترسی گەڕانەوەی شێرپەنجە یان مردن بە رێژەی 49%ـی و مەترسی بڵاوبوونەوەی بۆ ئەندامەکانی دیکە یان مردن بە رێژەی 59%ـی کەمدەکاتەوە.

سەبارەت بە شێوازی دروستکردنی ڤاکسینەکە، پرۆسەکە بە وەرگرتنی نموونەیەک لە وەرەمی نەخۆشەکە دەست پێدەکات، پاشان زنجیرە بۆماوەییەکەی دەخوێندرێتەوە و ئەو موتاسیۆنانە دیاری دەکرێن کە خانە شێرپەنجەییەکان لە خانە تەندروستەکان جیادەکەنەوە. ئەلگۆریتمی تایبەت بەکاردەهێندرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو موتاسیۆنانەی دەتوانن زۆرترین کاردانەوەی بەرگری دروست بکەن، پاشان ڤاکسینێک بە تەکنەلۆژیای mRNA دروست دەکرێت کە رێنمایی بۆ 34 پرۆتینی نائاسایی دەگوازێتەوە، کە بە ئەنتیجنی نوێ ناسراون و بەتایبەت لە وەرەمی ئەو نەخۆشەدا هەن.

لە کاتی دەرزی لێدانەکەدا، خانەکانی بەرگری بەتایبەت خانە تاییەکان فێری ئەوە دەبن ئەو پرۆتینانە بناسنەوە و پەلاماری ئەو خانانە بدەن کە هەڵگری ئەو پرۆتینانەن. هاوکات دەرمانی کیترودا رۆڵی تەواوکەر دەبینێت، چونکە ئەو رێڕەوە دادەخات کە خانە شێرپەنجەییەکان بەکاریدەهێنین بۆ پەکخستنی کاردانەوەی بەرگریی لەش.

پەرەپێدانی ڤاکسینێکی یەکگرتوو ئەستەمە، چونکە شێرپەنجە لە خانەی خودی مرۆڤەوە دروست دەبێت و موتاسیۆنەکانی لە وەرەمێکەوە بۆ وەرەمێکی دیکە و لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی دیکە جیاوازە. مۆدێرنا و مێرک ئێستا نۆ تاقیکردنەوەیان بۆ تاقیکردنەوەی چارەسەرەکە لەسەر شێرپەنجەکانی دیکە وەکو سییەکان، میزڵدان و گورچیلە بەڕێوەدەبەن، لە کاتێکدا تیمەکانی دیکەش کار لەسەر ڤاکسینی کەسیی بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس و کۆڵۆن دەکەن.