بانکی ناوەندیی عێراق: فرۆشی دراوی بیانی %20 دابەزیوە
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، فرۆشی دۆلار لە مانگی تەممووزی 2026دا بۆ 5.662 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە. ئەو بڕەش بەراورد بە فرۆشی مانگی حوزەیران، کە 5.857 ملیار دۆلار بوو، دابەزینێکی بە رێژەی 3.3%ـی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی بڵاوکراوەی بانکی ناوەندی، لە کۆی فرۆشی ئەم مانگە، 295 ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش و 5.367 ملیار دۆلاریش بۆ بەهێزکردنی باڵانسی بانکییەکان لە دەرەوەی وڵات تەرخان کراوە.
داتاکان لەسەر ئاستی ساڵانەش پاشەکشەیان تۆمار کردووە؛ بە جۆرێک کە فرۆشی تەممووزی 2026 بەراورد بە تەممووزی 2025، کە فرۆشەکە 7.081 ملیار دۆلار بوو، بە رێژەی 20% دابەزیوە و بڕی 1.419 ملیار دۆلار کەمی کردووە.
لە بەرامبەردا، فرۆشی کاش لە تەممووزی 2026 بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشوو بە رێژەی 31.7% زیادی کردووە و لە 224 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 295 ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە. هاوکات پارەی تەرخانکراو بۆ باڵانسی بانکییەکان لە 6.857 ملیار دۆلارەوە بۆ 5.367 ملیار دۆلار دابەزیوە، کە دەکاتە دابەزینێکی نزیکەی 21.7%.
کۆی گشتیی فرۆشی بانکی ناوەندی لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا گەیشتووەتە نزیکەی 31.574 ملیار دۆلار. ئەو بڕەش بەراورد بە 47.985 ملیار دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا، بە رێژەی 34.2% دابەزیوە و کۆی کەمبوونەوەکە گەیشتووەتە نزیکەی 16.411 ملیار دۆلار.