کەنەدا بایکۆتی کاڵای ئەمریکی وەک چەکێکی ئابووری لە دژی واشنتن بەکاردەهێنێت
دوای توندبوونەوەی ململانێ بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و ئۆتاوا، شەپۆلێکی نیشتمانپەروەری کەنەدای گرتووەتەوە و حکوومەتەکەی مارک کارنی هانی هاووڵاتییان دەدات بایکۆتی کاڵا و گەشتی ئەمریکا بکەن و روو لە بەرهەمی ناوخۆیی بکەن.
فلیپ مێرانجێ، هاووڵاتییەکی تەمەن 61 ساڵی دانیشتووی شاری مۆنتریاڵە، دوای کڕینی چەند بەرهەمێکی ناوخۆیی کەنەدی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "سەپاندنی باجی گومرگی زیان بە ئابوورییەکەمان دەگەیەنێت، بەڵام ناچارمان دەکات بەرهەمی کەنەدی بکڕین، منیش بەتەواوی لەگەڵ ئەوەدام."
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ساڵی رابردوو هەڵمەتی سەپاندنی باجی گومرگی دەستپێکردووە، کەنەدییەکان هەڵمەتێکی فراوانی بایکۆتیان دژی بەرهەمەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە. بەو هۆیەشەوە جۆرە جیاوازەکانی خواردنەوە کحولییەکانی ئەمریکا لە رەفەی فرۆشگاکان نەماون و رێژەی گەشتیارانی کەنەدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کەمی کردووە.
فرانسوا-فیلیپ شامپان، وەزیری دارایی کەنەدا، لە میانی وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی بۆ باجە نوێیەکانی ئەمریکا رایگەیاند: "باشە ئەوەمان بیر بێت کە گەورەترین هێز کە هەمانبێت، هێزی کڕینە، دەتوانین بڕیار بدەین بەرهەمی کەنەدی بکڕین و دەبێت هەر ئەوەش هەڵبژێرین."
لەلایەکی دیکەوە، میلانۆ جۆلی، وەزیری پیشەسازی کەنەدا جەختی لەوە کردەوە کە کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی تەنیا فشار خستنە سەر ئەمریکا نییە، بەڵکو پاراستنی هەلی کارە لە ناوخۆی کەنەدا.
پیتەر جیانۆپۆلیس، بەڕێوەبەری یەکێک لە فرۆشگە گەورەکانی مۆنتریاڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای بڕیاری حکوومەت بۆ راگرتنی دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ واشنتن، رەفتاری کڕیاران گۆڕاوە. ئەو دەڵێت: "کڕیاران پرسیاری سەرچاوەی بەرهەمەکان دەکەن و ئەوانە هەڵدەبژێرن کە لە کێبێک بەرهەم هێنراون، تەنانەت ئەگەر نرخەکەشیان گرانتر بێت."
بایکۆتەکە تەنیا کەرتی خۆراکی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاریش. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی ئاماری کەنەدا، ساڵی رابردوو رێژەی گەشتی کەنەدییەکان بۆ ئەمریکا بە رێژەی 25% کەمی کردووە. هەرچەندە لە مانگی حوزەیراندا 2.3 ملیۆن گەشت تۆمارکراوە کە بە رێژەی 5% بەراورد بە ساڵی پێشوو زیادی کردووە، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی بایکۆت بەردەوامن.
لە بەرامبەردا، هەندێک لە ویلایەتە سنوورییەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدەن کەنەدییەکان بۆ لای خۆیان رابکێشنەوە. بۆ نموونە ویلایەتی نیویۆرک دەسپێشخەرییەکی بە ناوی "نیویۆرک کەنەدای خۆش دەوێت" راگەیاندووە و زنجیرەیەک داشکاندنی تایبەت بۆ گەشتیارانی کەنەدی تا کۆتایی ئەمساڵ دەخاتە روو.