بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران؛ نرخی نەوت بەرز بووەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و درێژەی بەو بازدانەدا کە لە دوێنێوە دەستی پێکردووە. ئەمەش دوای پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر پچڕانی هەناردەی نەوت لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی خاوی برێنت 75 سەنت 0.8٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 95.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) 44 سەنت 0.5٪ زیادی کرد و گەیشتە 90.66 دۆلار. ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە، هەر دوو جۆرە نەوتەکە زیاتر لە4 دۆلار بازدانیان بەخۆیەوە بینی، ئەوەش گەورەترین بەرزبوونەوەیە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا.

ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە هات واشنتن بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی توندتری کرد، لە بەرامبەردا تاران رایگەیاند، وەڵامەکەیان یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە کاتی دەرچوونیان لە گەرووی هورمز پێکران.

شرۆڤەکاران بانکی (ING) ئاماژە بەوە دەکەن، گەشەسەندنەکانی دوایین چەند رۆژ مەترسییەکانی سەر دابینکردنی نەوتی ناوچەکەیان گەڕاندووەتەوە ناو جەرگەی بایەخی بازاڕەکان و دەڵێن: "گەرووی هورمز لەژێر مەترسییەکی رووندایە."

لای خۆشییەوە، بريانکا ساشدێڤا لە کۆمپانیای فیلیپ نۆڤا رایگەیاند: "ئێستا بازاڕ نەک تەنیا حسابی مەترسیی جەنگ دەکات، بەڵکو حسابی تێچووی درێژەکێشانی ئەو دۆخە نادیارە و یەکلانەبوونەوەی جەنگەکەش دەکات."

جگە لە هۆکارە سیاسییەکان، داتاکانی پەیمانگای پترۆلی ئەمریکی (API) یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی نرخەکان بوون، کە ئاماژەیان بە دابەزینی کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا کردووە بە بڕی 2.6 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوودا.