بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی باڵەکایەتی ساخ دەکرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی چۆمان سەرجەم جووتیارانی دەڤەری باڵەکایەتی ئاگادار دەکاتەوە، کە لەمڕۆوە تەواوی بەرهەمی تەماتەیان لێوەردەگیرێت و لە بازاڕەکاندا بۆیان ساخ دەکرێتەوە؛ ئەم رێکارەش بە مەبەستی پاڵپشتیی جووتیاران و رێگری لە زیانمەندبوونیانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیاندا.
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لەلایەن دوو گەنجی شارەکەوە، رۆژانە دوو بۆ سێ بارهەڵگر لە بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی ناوچەکە وەردەگیرێت و رەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بە نرخی رۆژ ساخ بکرێنەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسانکاریی تەواویان بۆ ئەو گەنجانە کردووە و گۆڕەپانێکی تایبەتیش لە ناو شارەکە دیاری کراوە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکان. گوتیشی: "لەمەودوا جووتیارانی باڵەکایەتی پێویست ناکات بۆ فرۆشتنی تەماتەکانیان روو لە شارەکانی دیکە بکەن، بەڵکو دەتوانن تا کۆتایی هاتنی وەرزەکە، بەرهەمەکانیان رادەستی ئەو ناوەندە بکەن."
سەبارەت بە کوالێتی و بڕی بەرهەمەکە، دڵشاد حوسێن روونی کردەوە کە نزیکەی 7000 دۆنم زەوی لە سنووری باڵەکایەتی بە تەماتە داچێندراوە و بەهۆی گونجاویِ خاک و ئاو و هەوای ناوچەکە، یەکێکە لە باشترین بەرهەمەکان و خواستی زۆری لەسەرە. جەختیشی کردەوە کە بەرهەمی ئەمساڵ تەندروستە و تووشی هیچ جۆرە نەخۆشییەکی کشتوکاڵی نەبووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 1100 جووتیار لە سنووری باڵەکایەتی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین، کە پێکهاتوون لە خەڵکی ناوچەکە و ئەو جووتیارانەی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کارکردن روویان لەو دەڤەرە کردووە.