جارێکی دیکە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا
دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا و وادەی نوێی دادگاییکردنیان دیاری دەکرێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
دوای دانیشتنەکە دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 13ـی ئەیلوول، وادەی نوێی دادگاییکردنەکە دیاری دەکرێت.
لەبارەی هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە، دانا تەقیەدین باسی لەوە کرد، لە دانیشتنەکەدا پارێزەران هەستیان بە هەبوونی "سیناریۆیەکی دیکە" کردووە، بۆیە داوایان لە دادوەر کردووە دادگاییەکە دوابخات. روونیشی کردەوە، تێبینیی ئەوەیان کردووە گۆڕانکاری لە گوتەی دەستگیرکراوەکاندا هەیە بە بەراورد بە دانیشتنەکانی پێشوو، بۆیە بەشێک لە گوتەکانیان جارێکی دیکە لێ وەرگیرایەوە. ئاماژەی بەوەش دا، ماددەی تۆمەتبارکردنەکە وەک خۆی ماوەتەوە و دادوەر گۆڕانکاریی تێدا نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی باسی لە دۆخی کەسوکاری راگیراوەکان کرد و گوتی، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە رێگە بە خێزان و کەسوکاری راگیراوەکان نەدراوە سەردانیان بکەن و چاویان پێیان بکەویت، ئەمەش وای کردووە کەسوکاریان تەنیا لەرێگەی میدیاکانەوە زانیاری لەسەر رۆڵەکانیان وەربگرن.
ئاماژەی بەوەش دا، دادگا تەنیا رێگەی بە چەند کەناڵێکی دیاریکراو دابوو لە دانیشتنەکەدا ئامادەبن و خۆیان داوایان کردووە، رێگە بە هەموو کەناڵەکان بدرێت.
هاوکات ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهور شێخ جەنگی، لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، تەنیا یەک چرکە براکەی بینیوە و باسی لەوە کرد، لە ژێر ئەشکەنجەدا گوتەی گیراوانی لالەزار گۆڕدراوە.
هەفتەی ڕابردووش دانیشتنی دادگاییکردنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا بوو، کە تێیدا تەنیا گوتەی شەش لە تۆمەتباران وەرگیرابوو.
لاهوور شێخ جەنگی بەپێی هەردوو ماددەی 406 و 56 تۆمەتبار کراوە، بەڵام لەم دانیشتنەدا تەنیا لەسەر ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت. ئەو ماددەیەش تایبەتە بە رێککەوتنی گرووپێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە. پارێزەرەکانیشی دەیان بەڵگەنامەیان ئامادە کردووە بۆ بەرگریکردن لێی تاوەکوو بڕیاری نوێی بەسەردا نەسەپێندرێت.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوەکوو ئێستاش سێ پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ کراوە.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش بەردەوامە. کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە ئامادەنەبوونی سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگا. بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی ئەم رووداوانە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە.