سەرۆک بارزانی و شاندێکی سەربازیی بەریتانیا دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی بریتانیا کرد و بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق و ناوچەکە لە قۆناغی داهاتوو ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026، بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی بریتانیا بە سەرۆکایەتی جێگری ئادمیراڵ ئیدوارد ئاڵگرن راوێژکاری باڵای بەرگریی بریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هۆڵی ڤار کونسوڵی گشتیی بریتانیا ئامادەی بوو، راوێژکاری باڵای بەرگریی بریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری سەرۆک بارزانی هەبوو لە بنیاتنانی سەقامگیری و بەهێزی بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوکات بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق و ناوچەکە لە قۆناغی داهاتوو و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا.