پێنج قوتابخانەی نوێ رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆک دەکرێن
پێنج قوتابخانەی نوێ لە سنووری پارێزگای دهۆک رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆک دەکرێن، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک داوای لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆک کردووە ئەو قوتابخانانە وەربگرن، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆی هەشت قوتابخانە کە لەناو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی دهۆک دروست دەکرێن، پێنج قوتابخانەیان تەواوکراون و پرۆسەی کارکردن لە سێ قوتابخانەکەی دیکەش بەردەوامە.
سەگڤان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە سەنتەری دهۆک و تەواوی شارۆچکەکانی دەوروبەر پێویستیمان بە باڵەخانەی نوێ هەیە، چونکە بەشێک لە باڵەخانەکان کۆنن و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و بەشێکی دیکەشیان گوشاری زۆریان لەسەرە".
سەگڤان عەلی سەبارەت بە قوتابخانە نوێیەکان گوتی "ئەم هەفتەیە پێنج قوتابخانە نوێیەکە لەناو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون وەردەگرین و تەواوی پێداویستییەکان و مامۆستامان بۆ دابین کردوون". جەختی لەوەشکردەوە، وەرگرتنی ئەو پێنج قوتابخانەیە بەشێک لە کێشەی کەمی و نەبوونی باڵەخانە چارەسەر دەکات و گوشاری سەر قوتابخانەکانی دیکەش کەم دەکاتەوە.
سەبارەت بە شێوازی دەوامی قوتابخانەکان، بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک روونیکردەوە، لە هیچ قوتابخانەیەکی سنوورەکەیان سێ دەوامی بوونی نییە، بەڵام لە زۆرینەی قوتابخانەکان سیستەمی دوو دەوامی پەیڕەو دەکرێت، هەروەها ئاشکرایکرد، لە هەر نۆ قەزاکەی سنووری دهۆک پێویستییان بە دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکان، هەزار و 521 قوتابخانە لە پارێزگای دهۆک هەن، کە هەزار و 441 قوتابخانەیان حکومی و 80 قوتابخانەکەی دیکەیان ناحکومین. هەروەها 420 هەزار قوتابی و 36 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر ئەرکی بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندنی پارێزگاکەیان لە ئەستۆیە.