لە سلێمانی فیلمی سینەمایی "پەچە" نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "پەچە"، لە نووسین و دەرهێنانی محەمەد شێروانییە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕێت، لە سیتی سینەمای سلێمانی نمایش دەکرێت.

یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، محەمەد شێروانی، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی سینەمایی "پەچە" لە دەرهێنانی منە و هەر یەکە لە، خەرمان هیرانی و سەید کەمال و میران دزەیی و عادل عەبدولرەحمان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. فیلمەکە لە شاری هەولێر و کەمپی حەسەن شام بەرهەمهێنراوە و وێنەی بۆ گیراوە و بە شێوەیەکی فەرمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک نمایشکراوە و کێبڕکێی لەسەر خەڵاتەکان کردووە."

شێروانی سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە گوتی، "چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری ژیانی ئافرەتێک دەسووڕێتەوە کە لەژێر فشار یان پابەندبوونی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا ناچارە پەچە "نیقاب" بپۆشێت. فیلمەکە تەنیا باس لە خودی پۆشاکەکە ناکات، بەڵکو دەچێتە قووڵایی ئەو بارگرانییە دەروونی و جەستەییەی کە ئافرەتان لەم جۆرە ژینگەیەدا پێیدا تێپەڕ دەبن."

محەمەد شێروانی جەختی لەوەش کردەوە، "فیلمەکە پیشانی دەدات چۆن پەچە دەبێتە بەربەستێک لە نێوان مرۆڤ و جیهانی دەرەوەیدا، کاتێک ئافرەتەکە هەست دەکات ناسنامە و بوونی راستەقینەی لەپشت ئەو پەردە رەشەوە شاردراوەتەوە. ئەوە نیشان دەدات چۆن کۆمەڵگە لە رێگەی دەستوورە نەریتی و ئایینییەکانەوە ئەم جۆرە پۆشاکە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ رەوشت یان جێگیربوونی ئافرەت لە چوارچێوەی خێزاندا دەبینێت."

سەبارەت بە هەڵبژاردنی کەمپی ئاوارەکان بۆ شوێنی وێنەگرتن، شێروانی دەڵێت، "هەڵبژاردنی کەمپی ئاوارەکان وەک شوێنێکی وێنەگرتن، رەهەندێکی قووڵتر بە چیرۆکەکە دەبەخشێت؛ ئاوێتەکردنی چەمکی "ئاوارەیی و بێ نیشتمانی" لەگەڵ "ئاوارەیی دەروونی ئافرەتێک لەناو پۆشاکەکەیدا"، وایکردووە فیلمەکە ببێتە رەخنەیەکی توندی مرۆیی و کۆمەڵایەتی."

محەمەد شێروانی باس لە پەیامی خۆی سەبارەت بە فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "من لە رێگەی ئەم فیلمەوە هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر مافەکانی ئافرەتان و ئازادی هەڵبژاردنیان لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا. فیلمەکە دەیەوێت بینەر بخاتە بەردەم پرسیارێکی راشکاو؛ ئایا کۆمەڵگە مافی ئەوەی هەیە شوناس و روخساری مرۆڤێک لەپشت نەریتەکانەوە بشارێتەوە؟."

فیلمی سینەمایی "پەچە"، لە نووسین و دەرهێنانی محەمەد شێروانییە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، لە سیتی سینەمای سلێمانی نمایش بکرێت.