تواندنەوەی سەهۆڵبەندانەکانی هیمالایا ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، چیای هیمالایا بەرەو خاڵێکی وەرچەرخانی مەترسیدار دەچێت. بەراورد بەو رێژەیەی پێش دەیەیەک تۆمارکرابوو، توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانی ئەو چیایە خێراتر بووە و ئەمەش مەترسیی لافاو و داڕمانی زەوی زیادکردووە، کە ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە بەردەم هەڕەشە.

لەکۆتایی ئابی رابردوو، داڕمانێکی سەهۆڵیی لەسەر سنووری نیپال و چین روویدا و بووە هۆی زنجیرەیەک داڕمانی زەوی و لافاو لە دۆڵەکاندا. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە توێژینەوەکەدا هاتوون، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی  هەزار و 300 کەس و بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە پێنج هەزار و 300 کەسی دیکە لە هەردوو وڵات.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، پاشەکشەی سەهۆڵبەندانەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی دەریاچەی ناجێگیر، کە بە بەربەستی کاتیی بەرد و سەهۆڵ دەورەدراون. ئەم دۆخەش ئەگەری داڕمانیان و لێشاوی بڕێکی زۆری ئاو بەرەو ناوچەکانی خوار هیمالایا زیاد دەکات.

داتاکان دەریدەخەن لە دەیەکانی رابردوودا لەدەستدانی بارستەی سەهۆڵیی لە هیمالایا خێراتر بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە پرۆسەکانی چاودێریکردنی مەیدانی تەنیا 21 سەهۆڵبەندان لە کۆی نزیکەی 40 هەزار سەهۆڵبەندان لە ناوچەی هیندوکوش هیمالایا دەگرێتەوە.

ناوچەکە هەشت وڵات لە ئەفغانستان لە رۆژئاواوە تا میانمار لە رۆژهەڵات دەگرێتەوە. هاوکات هیمالایا سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوە بۆ ملیۆنان دانیشتووی ناوچەکە.

لە هیندستان، نزیکەی 200 دەریاچەی سەهۆڵیی لە چوارچێوەی دەریاچە مەترسیدارەکاندا پۆلێنکراون، کە 56 دەریاچەیان لە پۆلی مەترسیی زۆر گەورەدان. نیگەرانی هەیە هەر داڕمانێکی ئەگەری، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو کۆمەڵگانە دروست بکات کە لەسەر رێڕەوی رووبارەکان نیشتەجێن.

سەرەڕای ئەوەی هیمالایا نزیکەی 18%ـی رووبەری هیندستان پێکدەهێنێت، بەڵام نزیکەی 35%ـی کارەساتە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە لەو ناوچەیەدا روودەدەن. ئەم ئامارەش رەنگدانەوەی قەبارەی ئەو مەترسییانەیە کە بەهۆی گۆڕانکارییە کەشوهەوایی و جیۆلۆجییەکانەوە لە ناوچەکەدا روویان لە زیادبوون کردووە.