کەشناسیی عێراق: پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و خۆڵبارین دەستپێدەکات

دەستەی کەشناسیی عێراق رەوشی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتووی عێراقی بڵاوکردەوە و پێشبینیی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و دابەزینی پلەکانی گەرما دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، سبەی چوارشەممە و پێنجشەممە کەشوهەوا ساماڵ بێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ سێشەممە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت.

 دەستەی کەشناسیی عێراق لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای رۆژی هەینی رایگەیاند، بە گشتی ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باشوور دەبێتە پەڵە هەور. هاوکات لە ناوچەی ناوەڕاسیش لەدوای نیوەڕۆوە خۆڵبارین دەبێت، پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نزم دەبنەوە و لە ناوچەی باکوور کەمێک بەرز دەبنەوە. 

دەستەی کەشناسی عێراق روونیکردەوە، شەممەی داهاتوو کەشوهەوا ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەوری پەرتەوازە لە ناوچەکانی باشوور لەدوای نیوەڕۆوە. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، لە سەرانسەری وڵات روو لە دابەزین دەکەن.

دەستەکە پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی بۆ چوارشەممە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەم شێوەیە خستەڕوو:

بەغدا، دیالە و کەربەلا 42 پلە.

دهۆک و سلێمانی 36 پلە.

نەینەوا و هەولێر 39 پلە.

ئەنبار 41 پلە.

کەرکووک 40 پلە.

واست، بابل و نەجەف 43 پلە.

دیوانییە و موسەننا 44 پلە.

میسان، زیقار و بەسرە 45 پلە.