نۆ کارگە لە زاخۆ دادەمەزرێنرێن

زاخۆ
زاخۆ

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و رەخساندنی هەلی کار، نۆ کارگەی جۆراوجۆر بە سەرمایەی تریلیۆنێک و 500 ملیار دینار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دادەمەزرێن و نزیکەی هەزار گەنج دەخەنە سەر کار.

ئەندازیار عەبدولرەحمان ئەدیب، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی زاخۆ  بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پڕۆژەی گەشەپێدانی سنوورەکە، نۆ کارگەی جۆراوجۆر لە زاخۆ دەکرێنەوە. باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی. 

بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی زاخۆ، ئاشکرای کرد، کارگەکان تایبەتن بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی ساندویچ پەنێڵ، چپس، دروستکردن و لێکدانی ئامێرە کارەباییەکان، لێکدان و بەستنی ئامێرەکانی بەفرگر، کارگەی مەعکەرۆنی و شەعرییە، ئەلەمنیۆم، شوکلاتە و بەرهەمەکانی پاککەرەوە. روونیشی کردەوە، بە هۆی ئەم کارگانەوە نزیکەی هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆ لە شارەکەدا دەکەونە سەر کار.

ئەندازیار عەبدولرەحمان ئەدیب، ئەوەی خستەڕوو، سەرمایەی گشتیی کارگەکان تریلیۆنێک و 500 ملیار دینارە. دووپاتی کردەوە، بە تەواوبوونیان پڕۆژەی گەشەپێدانی پیشەسازیی زاخۆ دەچێتە قۆناخێکی نوێوە و هاوردەکردنی دەیان بەرهەمی جۆراوجۆری دەرەکی کەم دەکرێتەوە و لە جێگەیاندا بەرهەمی ناوخۆ دەخرێتە بازاڕەکانەوە.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەکێکە لە ناوچە ستراتیژی و بازرگانییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بەهۆی بوونی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا. دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا زاخۆ بکاتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، بووژانەوەیەکی بەرچاو لە کەرتە جیاوازەکانی ئەو شارەدا و بەتایبەتی لە کەرتی وەبەرهێناندا رووی داوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت دەکات. کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دوو کۆڵەکەی سەرەکین لەم ستراتیژییەدا. دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی و مۆڵەتدان بە کارگە ناوخۆییەکان، نەک تەنیا دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و کەمکردنەوەی هاوردە، بەڵکوو هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان لە ناوچەکەدا.