هاوردەکردنی تەماتەی قەدەغە کرا
وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕیاری دا، هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوە بۆ نێو عێراق بە تەواوی قەدەغە بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کرداری لە پێناو پاڵپشتیکردن لە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ.
چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەم بڕیارەی بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ قەدەخەکردنی هاوردەی تەماتە لە دەرەوە، دوای ئەوە هات، شاندێکی نوێنەرانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە هاوڕێیەتیی د. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری هەمان فراکسیۆن، سەردانی وەزیری کشتوکاڵی عێراقیان کرد بە مەبەستی گەیاندنی نیگەرانی و گلەیییەکانی جووتیارانی کوردستان سەبارەت بە زیانەکانی هاوردەکردنی تەماتەی بیانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆ.
لە میانی دیدارەکەدا، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی دا دەستبەجێ نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بکات تاوەکو بەبێ مۆڵەتی فەرمیی وەزارەت بە هیچ جۆرێک رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە نەدرێت، هاوکات بڕیاریش درا لە بازگە نێوخۆیییەکانی نێوان پارێزگاکاندا رێکاری توند بگیرێتەبەر و بەبێ هەبوونی نووسراوی فەرمی رێگە بە گواستنەوەی ئەو بەرهەمە نەدرێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە ساغکردنەوەی تەماتەی هاوردەکراو و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جووتیارانی ناوخۆ.