وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەرواری دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی پێشخست
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دا بەرواری دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی قوتابخانەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026–2027 پێشبخات و بڕیارەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری پەروەردەی عێراق بڵاوی کردەوە، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە بەرواری دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی قوتابخانەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026–2027 پێشبخات بۆ 1ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، لەبری ئەو بەروارەی پێشتر دیاری کرابوو.
روونیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان دێت بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و ئامادەکردنی قوتابخانەکان و پێداویستییە پەروەردەیی و کارگێڕییەکان بۆ پێشوازیکردن لە قوتابییان.
لە هەمان کاتدا، عەبدولکەریم عەبتان ئەلجبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق، رێنمایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کردووە تاوەکو رێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئامادەکردنی ناوەندەکانی خوێندن بۆ پێشوازیکردن لە قوتانیان لە بەروارە نوێیەکەدا.
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی پێداویستیی لۆجستی یان نۆژەننەکردنەوەی قوتابخانەکان، دەستپێکی دەوام چەندین جار رووبەڕووی دواخستن یان گۆڕانکاری ببووەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پێشوەختە تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، بەرواری دەستپێکردنی دەوام پێشخرا.