بانکی ناوەندیی عێراق: قەرزی ناوخۆیی 109 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند
بەپێی دوایین ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، قەرزی گشتیی ناوخۆیی تا کۆتایی تەممووزی 2026 گەیشتووەتە نزیکەی 109.5 تریلیۆن دینار.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماەی قەرزی ناوخۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، قەرزی گشتیی ناوخۆیی تا کۆتایی مانگی تەممووزی 2026، گەیشتووەتە نزیکەی 109.5 تریلیۆن دینار، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم بڕە قەرزە بەراورد بە کۆتایی ساڵی 2025، کە قەرزەکە 90.5 تریلیۆن دینار بوو، 19 تریلیۆن دینار لە ماوەی تەنها حەوت مانگدا زیادی کردووە.
بەگوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندی، قەرزی گشتیی ناوخۆیی لە مانگەکانى پێشووی ئەم ساڵدا بە شێوازێکی بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بە شێوەیەک لە کۆتایی ئایاردا 103.2 تریلیۆن دینار بووە، لە کۆتایی حوزەیراندا بۆ 106.1 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە، تاوەکو لە کۆتایی تەممووزدا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستای کە 109.5 تریلیۆن دینارە.
سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشبوونی ئەم قەرزە گشتییە ناوخۆییە تا کۆتایی تەممووز، بەگوێرەی زانیارییەکان 72.5 تریلیۆن دیناری بۆ قەرز و داواکارییەکانی سەر وەزارەتی دارایی بۆ بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە، هەروەها 18.95 تریلیۆن دینار قەرزەکان، 9.33 تریلیۆن دینار سەنەدات، 8.74 تریلیۆن دیناریش حەوالاتی گەنجینە بووە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی بەو خێراییە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان بەرامبەر بە داهاتە گشتییەکان دروستکردووە.