پارێزگاری هەولێر پێشانگایەکی هونەری فۆلکلۆری دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و رۆشنبیریی هەولێر، و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و رۆشنبیران، لە گەلەری میدیا پێشانگایەکی تایبەت بە کاری دەستیی فۆلکلۆرناس سەلاح سەباح کەلهووری کردەوە.
پێشانگاکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هونەر و رۆشنبیریی هەولێر و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شێوەکاری و کاری دەستی ئامادە و رێکخرابوو، کە تێیدا کۆمەڵێک بەرهەمی دەستکردی هونەریی کەلهووری نمایش کرابوون.
بەرهەمەکانی پێشانگاکە بە شێوازێکی هونەری و بە بەکارهێنانی رەنگ و شێوەی جۆراوجۆر دروست کراون. هونەرمەند لە رێگەی ئەم کارانەوە بەشێک لە رەسەنایەتی، کولتوور و شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی ژیانی سروشتیی گوند و کۆمەڵگەی کوردەواریی خستووەتە روو.
ئەم پێشانگایە جەخت لەسەر گرنگیی پاراستن و بەردەوامکردنی میراتی مادی و مەعنەویی کوردی دەکاتەوە. هەروەها کارە دەستی و هونەرە فۆلکلۆرییەکان وەک بەشێک لە ناسنامەی کولتووری و هونەریی کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم بینەر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی بەسەرکردنەوەی پێشانگاکەدا، خۆشحاڵیی خۆی بە ناوەڕۆک و تایبەتمەندیی بەرهەمەکان دەربڕی و پشتیوانیی خۆی بۆ سەلاح کەلهووری راگەیاند.