هەولێر.. شانۆگەری'رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد' نمایش دەکرێت

شانۆگەری "رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد"، لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار رەفعەتە و نمایشی سەرشەقامە، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر نمایش دەکرێت.

چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، جوتیار رەفعەت، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو شانۆگەرییە خۆم کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە و هەریەکە لە، سایە حوسێن و شنیار بابان و گۆران نازم رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.

بەشی رووناکی نمایشەکە لەلایەن شەهێن ئەنوەر و هانی سەباح و هانا عەبدولرەزاقەوە بەڕێوەدەبرێت و لە بەشی موزیکیشدا شا بەمۆ کلارنێت دەژەنێت، کۆرش حسێن زەرب دەژەنێت و دڵزار سەردار گۆرانی دەڵێت."

جوتیار رەفعەت سەبارەت بە نمایشەکە گوتی، "نمایشی "رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد" بە چیرۆکی دوو کچ، دۆخی مرۆڤ و ئازارەکانی لە نێوان لەدەستدان، تەنیایی، تاریکی و هیوادا دەخاتەڕوو و گەڕانێکی مرۆیی بەدوای مانای ژیان، ئازادی و نیشتیمان دەستپێدەکات."

ئەو دەرهێنەرە باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکی نمایشەکە لە دوای لەدەستدانی باوکی دوو کچەکە دەستپێدەکات؛ ئەوان لە جیهانێکدا لەنێوان تاریکی و رووناکی تێکەڵ دەبن، بەدوای وەڵامی پرسیارە قووڵەکانی ژیاندا دەگەڕێن. نمایشەکە لە رێگەی سیمبول و زمانێکی هەستییەوە، دۆخی ناوخۆی مرۆڤ و کاریگەریی ئازار و لەدەستدان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونی مرۆڤ دەخاتە بەردەم بینەر."

شانۆگەری "رووناکییەک کە خۆری ئاوا کرد"، لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار رەفعەتە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر نمایش بکرێت.