دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق وادەی گەیشتنی ئامێرەکانی ستارلینک ئاشکرا دەکات

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئامێرەکانی ئینتەرنێتی ستارلینک دەگەنە دەستی بەکارهێنەران لە عێراق.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، پاش تەواوکردنی رێکارەکانی گواستنەوە و گومرگ، پێداویستییەکانی ئامێری ستارلینک گەیشتوونەتە عێراق و لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش دەکرێن. ئەو سەرچاوەیە گوتی: دواکەوتنی گەیشتنی ئامێرەکان پەیوەندی بە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی بە تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا لەلایەن کۆمپانیای ستارلینکەوە هەبووە. 

سەرچاوەکە روونیکردەوە، کۆمپانیاکە ئێستا سەرجەم رێکارەکانی باج و گومرگی تەواو کردووە و ئامێرەکان بەمزووانە دەکەونە بازاڕەکانەوە. هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لە رێگەی پلاتفۆڕمی تایبەتی کۆمپانیاکە بە ناونیشانی starlink.com/iq ئامێرەکە بەدەست بێنێت و نرخەکانیش بەگوێرەی جۆری ئامێر و شێوازی هاوبەشییەکان جیاواز دەبن.

ئامێری وەرگرەکەی ستارلینک بە شێوەی لاکێشەیە و قەبارەکەی 40 بە 60 سانتیمەترە، پێویستە بۆ کارکردنی دروست لە شوێنی کراوە دابنرێت. ئەم سیستەمە ئینتەرنێتێکی جیهانیی خێرایە و هەر ئامێرێک توانای دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ 1600 بەکارهێنەر لە یەک کاتدا هەیە، هەروەها لە دووریی یەک کیلۆمەتر لە ئامێرەکەش کار دەکات.

ئەم سیستەمە راستەوخۆ بە مانگی دەستکردەوە بەستراوەتەوە و پشت بە نزیکەی 10700 مانگی دەستکرد دەبەستێت. ئەو مانگانە بە خێرایی 27000 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە.