پەیامنێری کوردستان24: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق ئەرێنی بووە

لۆگۆی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی کوردستان
لۆگۆی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی کوردستان

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوو و رەشنووسی داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی ساڵی 2027 پێشکەش کرا.

داواکارییەکانی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، بابەتەکانی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی لەخۆگرتبوو؛ هەموو ئەو داواکارییانەش رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراون.

هەروەها تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق تێگەیشتنێکی باشیان بۆ رەشنووسەکە هەبووە.

پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی سەبارەت بە داواکارییەکان نەدراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە سەفەری واشنتن بگەڕێتەوە تاوەکو رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دواتر رێککەوتنی لەسەر بکرێت."

شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاری، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەکی بواری بودجە پێکهاتبوو.